[1] هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
[2] «فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە و پێیان بڵێ: ”کاتێک ئێوە دەچنە ناو خاکی کەنعانەوە، ئەمە ئەو خاکەیە کە دەبێتە میراتتان، خاکی کەنعان بە سنوورەکانییەوە:
[3] «”لەلای باشووری ئێوە لە چۆڵەوانی چنەوە لەلای ئەدۆم دەبێت، سنووری باشوورتان لە ڕۆژهەڵات لە کۆتایی دەریای مردووەوە دەستپێدەکات.
[4] هەروەها سنوورەکە لە باشووری هەورازی دووپشکەوە بۆتان دەسووڕێتەوە و بەردەوام دەبێت هەتا چن و لە باشووری قادێش بەرنێعەوە هەتا حەچەر ئەدار دەچێت و تێدەپەڕێت بۆ عەچمۆن،
[5] لە عەچمۆنیش دەسووڕێتەوە و دەگاتە دۆڵی میسر، کۆتاییەکەی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست دەبێت.
[6] «”بەڵام سنووری ڕۆژئاوا، ئەوا دەریای سپی ناوەڕاست دەبێت. ئەمەیە سنووری ڕۆژئاواتان.
[7] «”بۆ دیاریکردنی سنووری باکوورتان، هێڵێک بکێشن لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە هەتا کێوی هۆر،
[8] هەروەها لە کێوی هۆرەوە هەتا دەروازەی حەمات. پاشان سنوورەکە دەچێت بۆ چەداد،
[9] بەردەوام دەبێت بۆ زیفرۆن و کۆتاییەکەی لە حەچەر عێینان دەبێت. ئەمە دەبێتە سنووری باکوورتان.
[10] «”هەروەها سنوور بۆ خۆتان دەکێشن بۆ ڕۆژهەڵات، لە حەچەر عێینانەوە هەتا شەفام.
[11] لە شەفامەوە بەرەو خوارەوە دەچێت هەتا ڕیڤلە لە ڕۆژهەڵاتی عەین. ئینجا سنوورەکە بەرەو خوارەوە دەچێت لە بناری کێوەکانی دەریاچەی جەلیل دەدات بەلای ڕۆژهەڵاتدا،
[12] پاشان سنوورەکە بە درێژایی کەناری ڕووباری ئوردون بەرەو خوارەوە دەچێت و کۆتاییەکەی لەلای دەریای مردوو دەبێت. «”ئەم خاکە بە سنوورەکانی و چواردەوریشییەوە بۆ ئێوە دەبێت.“»
[13] موساش فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل کرد و گوتی: «ئەمە ئەو خاکەیە کە بە تیروپشک میراتگری دەکەن، کە یەزدان فەرمانی دا بە نۆ هۆز و نیوەکە بدرێت،
[14] چونکە هۆزی نەوەی ڕەئوبێن بەگوێرەی بنەماڵەکانیان و هۆزی نەوەی گاد بەگوێرەی بنەماڵەکانیان و نیوەی هۆزی مەنەشە میراتی خۆیان وەرگرت.
[15] دوو هۆز و نیوەکە میراتی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون لەلای ئەریحا بەرەو ڕۆژهەڵات وەرگرت.»
[16] هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
[17] «ئەمە ناوی ئەو دوو پیاوەیە کە خاکەکەتان بۆ دابەش دەکەن، ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون،
[18] لە هەر هۆزێکیش ڕابەرێک دەبەن بۆ بەمیراتکردنی خاکەکە.
[19] ئەمەش ناوی پیاوەکانە: لە هۆزی یەهودا، کالێبی کوڕی یەفونە؛
[20] لە هۆزی نەوەی شیمۆن، شەموئێلی کوڕی عەمیهود؛
[21] لە هۆزی بنیامین، ئەلیدادی کوڕی کیسلۆن؛
[22] لە هۆزی نەوەی دان، بوقی کوڕی یۆگلیی ڕابەر؛
[23] لە نەوەی یوسف، لە هۆزی نەوەی مەنەشە، حەنیێلی کوڕی ئێفۆدی ڕابەر؛
[24] لە نەوەی یوسف، لە هۆزی نەوەی ئەفرایم، قەموئێلی کوڕی شیفتانی ڕابەر؛
[25] لە هۆزی نەوەی زەبولون، ئەلیچافانی کوڕی پەرناخی ڕابەر؛
[26] لە هۆزی نەوەی یەساخار، پەلتیێلی کوڕی عەزانی ڕابەر؛
[27] لە هۆزی نەوەی ئاشێر، ئەحیهودی کوڕی شەلۆمیی ڕابەر؛
[28] لە هۆزی نەوەی نەفتالی، پەدەهەئێلی کوڕی عەمیهودی ڕابەر.»
[29] ئەمانە ئەو کەسانەن کە یەزدان فەرمانی پێ کردن، هەتا میراتگیری خاکی کەنعان بۆ نەوەی ئیسرائیل دابەش بکەن.