[1] یەزدان لە چۆڵەوانی سینا، لە چادری چاوپێکەوتندا، لە یەکی مانگی دووی ساڵی دووەمی هاتنەدەرەوەی گەلی ئیسرائیل لە خاکی میسر، بە موسای فەرموو:
[2] «سەرژمێری هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل بکەن، بە خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیانەوە، بە لیستی ناوی نێرینەکان یەک بە یەک.
[3] لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن لە ئیسرائیل خزمەت بکەن لە سوپا، تۆ و هارون بەگوێرەی لەشکرەکانیان تۆماریان بکەن.
[4] بۆ هەر هۆزێک پیاوێکتان لەگەڵدا بێت، پیاوێک گەورەی بنەماڵەکەی بێت.
[5] ئەمەش ناوی ئەو پیاوانەیە کە یارمەتیتان دەدەن: لە هۆزی ڕەئوبێن ئەلیسوری کوڕی شەدیئور،
[6] لە هۆزی شیمۆن شەلومیێلی کوڕی چووریشەدای،
[7] لە هۆزی یەهودا نەحشۆنی کوڕی عەمیناداب،
[8] لە هۆزی یەساخار نەتەنێلی کوڕی چوعەر،
[9] لە هۆزی زەبولون ئەلیابی کوڕی حێلۆن،
[10] لە کوڕەکانی یوسف، لە هۆزی ئەفرایم، ئەلیشاماعی کوڕی عەمیهود و لە هۆزی مەنەشە، گەمالائیلی کوڕی پەداهچوور.
[11] لە هۆزی بنیامین ئەبیدانی کوڕی گدعۆنی،
[12] لە هۆزی دان ئەحیعەزەری کوڕی عەمیشەدای،
[13] لە هۆزی ئاشێر پەگعیێلی کوڕی عۆخران،
[14] لە هۆزی گاد ئەلیاسافی کوڕی دەعوئێل،
[15] لە هۆزی نەفتالی ئەحیڕەعی کوڕی عێینان.»
[16] ئەوانە هەڵبژێردراوانی کۆمەڵەکەن، سەرکردەی هۆزی باوکانیانن، سەرۆک خێڵەکانی ئیسرائیلن.
[17] جا موسا و هارون هەموو ئەو پیاوانەیان برد کە باس کران،
[18] هەموو کۆمەڵیان لە یەکی مانگی دوو کۆکردەوە. لە گەنجانی بیست ساڵە بەرەو سەرەوە بەگوێرەی ڕەچەڵەکیان خرانەوە سەر خێڵ و بنەماڵەکانیان، یەک بە یەک ناوەکانیان تۆمار کرا،
[19] هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد. ئینجا لە چۆڵەوانی سینادا تۆماری کردن.
[20] لە نەوەی ڕەئوبێن کە نۆبەرەی ئیسرائیلە، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، یەکە بە یەکە بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان،
[21] تۆمارکراوان لە هۆزی ڕەئوبێن چل و شەش هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
[22] لە نەوەی شیمۆن، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، یەکە بە یەکە ژمێردران و بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان،
[23] تۆمارکراوان لە هۆزی شیمۆن پەنجا و نۆ هەزار و سێ سەد کەس بوون.
[24] لە نەوەی گاد، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.
[25] تۆمارکراوان لە هۆزی گاد چل و پێنج هەزار و شەش سەد و پەنجا کەس بوون.
[26] لە نەوەی یەهودا، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان،
[27] تۆمارکراوان لە هۆزی یەهودا حەفتا و چوار هەزار و شەش سەد کەس بوون.
[28] لە نەوەی یەساخار، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان،
[29] تۆمارکراوان لە هۆزی یەساخار پەنجا و چوار هەزار و چوار سەد کەس بوون.
[30] لە نەوەی زەبولون، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.
[31] تۆمارکراوان لە هۆزی زەبولون پەنجا و حەوت هەزار و چوار سەد کەس بوون.
[32] لە نەوەی یوسف، لە نەوەی ئەفرایم، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.
[33] تۆمارکراوان لە هۆزی ئەفرایم چل هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
[34] لە نەوەی مەنەشە، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.
[35] تۆمارکراوان لە هۆزی مەنەشە سی و دوو هەزار و دوو سەد کەس بوون.
[36] لە نەوەی بنیامین، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان،
[37] تۆمارکراوان لە هۆزی بنیامین سی و پێنج هەزار و چوار سەد کەس بوون.
[38] لە نەوەی دان، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان،
[39] تۆمارکراوان لە هۆزی دان شەست و دوو هەزار و حەوت سەد کەس بوون.
[40] لە نەوەی ئاشێر، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.
[41] تۆمارکراوان لە هۆزی ئاشێر چل و یەک هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
[42] لە نەوەی نەفتالی، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان،
[43] تۆمارکراوان لە هۆزی نەفتالی پەنجا و سێ هەزار و چوار سەد کەس بوون.
[44] ئەوانە تۆمارکراوەکانن، ئەوانەی موسا و هارون و دوازدە سەرۆک هۆزەکانی ئیسرائیل تۆماریان کردن، هەر پیاوێک لە تۆمارکراوەکان نوێنەر بوو بۆ بنەماڵەکەی.
[45] جا هەموو نەوەی ئیسرائیل، بەگوێرەی بنەماڵەکانیان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپای ئیسرائیلدا تۆمار کران،
[46] هەموو تۆمارکراوەکان شەش سەد و سێ هەزار و پێنج سەد و پەنجا کەس بوون.
[47] بەڵام هۆزی لێڤی بنەماڵەکانیان لەگەڵ ئەوان تۆمار نەکران،
[48] چونکە یەزدان بە موسای فەرموو:
[49] «هۆزی لێڤی تۆمار مەکە و لەنێوان نەوەی ئیسرائیلدا ئاماریان مەکە.
[50] بەڵکو لێڤییەکان لەسەر چادری پەیمان و هەموو قاپوقاچاغەکەی و هەموو ئەوەی هەیەتی دابنێ، ئەوان چادرەکەی پەرستن بە هەموو قاپوقاچاغەکانییەوە هەڵدەگرن و ئەوان خزمەتی دەکەن، لە چواردەوری چادرەکەی پەرستنیش چادر هەڵدەدەن.
[51] لە کاتی گواستنەوەی چادرەکەی پەرستن لێڤییەکان هەڵیدەگرنەوە و لە کاتی هەڵدانی چادرەکەی پەرستنیش لێڤییەکان دایدەمەزرێننەوە. هەرکەسێکی دیکە جگە لە لێڤییەکان لێی نزیک بێتەوە دەکوژرێت.
[52] نەوەی ئیسرائیل هەریەکە لە ئۆردوگای خۆی لەژێر بەیداخەکەی خۆی بەپێی لەشکرەکانیان چادر هەڵدەدەن.
[53] بەڵام لێڤییەکان لە چواردەوری چادرەکەی پەیمان چادر هەڵدەدەن، هەتا تووڕەیی نەیەتە سەر کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل، جا لێڤییەکان بەرپرسیار دەبن لە پارێزگاری چادری پەیمان.»
[54] نەوەی ئیسرائیلیش ئاوایان کرد، بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.