[1] دیسان عیسا چووەوە ناو کەنیشتێک، لەوێ پیاوێکی لێبوو دەستی وشک ببوو،
[2] جا چاودێرییان دەکرد بزانن لە شەممەدا چاکی دەکاتەوە، تاکو سکاڵای لێ بکەن.
[3] عیسا بە پیاوە دەست وشکبووەکەی فەرموو: «لەناوەڕاستدا ڕابوەستە.»
[4] ئینجا پێی فەرموون: «ئایا لە شەممەدا کاری چاکە دروستە یان کاری خراپە؟ ژیان بەخشین یان کوشتن؟» کەچی بێدەنگ بوون.
[5] بە تووڕەییەوە ئاوڕی لێیان دایەوە، لەبەر دڵڕەقییان خەمبار بوو، بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش درێژی کرد و دەستی چاک بووەوە.
[6] فەریسییەکان هاتنە دەرەوە و یەکسەر لەگەڵ هێرۆدسییەکان تەگبیریان کرد چۆن بیکوژن.
[7] عیسا و قوتابییەکانی بەرەو دەریاچەکە هەڵکشان، خەڵکێکی زۆر لە جەلیل و یەهودیاوە دوای کەوتن،
[8] هەروەها لە ئۆرشەلیم و لە ئادومیا و ئەوبەری ئوردون و دەوروبەری سور و سەیداوە هاتنە لای، خەڵکێکی زۆر هەموو ئەو شتانەیان بیستبوو کە دەیکرد.
[9] ئەویش بە قوتابییەکانی فەرموو کە بەلەمێکی بۆ ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی خەڵکەکە پاڵەپەستۆی نەخەنە سەر.
[10] لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆری چاککردەوە، وای لێهات هەموو دەردەدارەکان بەرەو ڕووی دەهاتن تاکو دەستی لێبدەن.
[11] ئەو کەسانەی کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو، کاتێک دەیانبینی کڕنۆشیان بۆ دەبرد و هاواریان دەکرد: «تۆ کوڕی خودای!»
[12] ئەویش بە توندی فەرمانی پێدەدان کە ئاشکرای نەکەن.
[13] عیسا چووە سەر شاخێک و ئەوانەی بانگکرد کە خۆی ویستنی، ئەوانیش چوونە لای.
[14] دوازدەی دیاری کرد و ناوی لێنان نێردراوان، تاکو لەگەڵی بن و بۆ جاڕدان بیاننێرێت و
[15] دەسەڵاتیان هەبێت بۆ دەرکردنی ڕۆحی پیس.
[16] ئەم دوازدە کەسەی دیاری کرد: شیمۆنی ناونا پەترۆس،
[17] یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای کە ناوی لێنان بوانەرگس، واتە کوڕانی هەورەتریشقە،
[18] ئەندراوس و فیلیپۆس و بەرتۆلماوس و مەتا و تۆماس و یاقوبی حەلفی و تەداوس و شیمۆنی کانەوی و
[19] یەهوزای ئەسخەریوتی کە عیسای بە گرتن دا.
[20] عیسا چووە ماڵێک و دیسان خەڵکێکی زۆریان لێ کۆبووەوە، بە شێوەیەک نەیانتوانی نان بخۆن.
[21] کاتێک کەسوکاری بیستیان، هاتن بیگرن، چونکە دەیانگوت: «مێشکی تێکچووە.»
[22] مامۆستایانی تەوراتیش کە لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون، گوتیان: «بەعلزەبول دەستی بەسەردا گرتووە، بە سەرۆکی ڕۆحە پیسەکان، ڕۆحی پیس دەردەکات.»
[23] عیسا بانگی کردن و بە نموونە قسەی بۆ کردن: «شەیتان چۆن دەبێت شەیتان دەربکات؟
[24] ئەگەر شانشینێک دووبەرەکی تێدابێت، ئەو شانشینە خۆی ڕاناگرێت.
[25] ئەگەر ماڵێکیش دووبەرەکی تێدابێت، ئەو ماڵە خۆی ڕاناگرێت.
[26] ئەگەر شەیتان لە خۆی هەڵگەڕایەوە و دووبەرەکی تێکەوت، خۆی ڕاناگرێت، بەڵکو کۆتایی پێ دێت.
[27] کەسیش ناتوانێت بچێتە ماڵی بەهێزێک و شتەکانی تاڵان بکات، ئەگەر یەکەم جار نەیبەستێتەوە، ئینجا ماڵەکەی تاڵان بکات.
[28] ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەموو گوناه و کفرکردنێکی مرۆڤ کە دەیکات دەبەخشرێن،
[29] بەڵام ئەوەی سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز کفر بکات، هەرگیز نابەخشرێت، بەڵکو بە گوناهێکی هەتاهەتاییەوە تاوانبارە.»
[30] ئەمەی گوت چونکە دەیانگوت: «ڕۆحی پیسی هەیە.»
[31] دایک و براکانی عیسا هاتن، لە دەرەوە ڕاوەستان و ناردیان بەدوایدا.
[32] خەڵکیش لە دەوروبەری دانیشتبوون، پێیان گوت: «وا دایک و براکانت لە دەرەوە بەدواتدا دەگەڕێن.»
[33] وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «دایکم کێیە و براکانم کێن؟»
[34] چاوی گێڕا بەسەر ئەوانەی لە دەوروپشتی دانیشتبوون و فەرمووی: «دایک و برای من ئەمانەن.
[35] ئەوەی بە خواستی خودا بکات، خوشک و برا و دایکمە.»