Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:59

[1] هەر بەیانی زوو، کاهینانی باڵا و پیران و مامۆستایانی تەورات و هەموو سەنهەدرین ڕاوێژیان کرد. عیسایان قۆڵبەست کرد و بردییان، دایانە دەست پیلاتۆس.

[2] پیلاتۆس لێی پرسی: «تۆ پاشای جولەکەی؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ دەڵێیت.»

[3] کاهینانی باڵا سکاڵای زۆریان لێ دەکرد.

[4] پیلاتۆس لێی پرسییەوە: «ئایا هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ بزانە چەند سکاڵات لێدەکەن.»

[5] بەڵام عیسا هیچ وەڵامی نەدایەوە، تاکو ئەوەی پیلاتۆس سەرسام بوو.

[6] لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا بەگوێرەی داواکاری خەڵکەکە بەندکراوێکی ئازاد دەکرد.

[7] پیاوێک بە ناوی باراباس لەگەڵ یاخیبووان گیرابوو، لە ڕاپەڕینەکە کوشتاریان کردبوو .

[8] ئینجا خەڵکەکە هاتن و داوایان کرد ئەوەی هەمیشە دەیکرد بۆیان بکات.

[9] پیلاتۆسیش لێی پرسین: «دەتانەوێ پاشای جولەکەتان بۆ ئازاد بکەم؟»

[10] چونکە زانی کاهینانی باڵا لەبەر ئیرەیی عیسایان بە گرتن دابوو.

[11] بەڵام کاهینانی باڵا خەڵکەکەیان جۆشدا کە باراباسیان بۆ ئازاد بکات.

[12] پیلاتۆس دیسان لێی پرسین: «ئەی باشە حەز دەکەن چی لەوە بکەم کە پێی دەڵێن، ”پاشای جولەکە“؟»

[13] هاواریان کرد: «لە خاچی بدە!»

[14] پیلاتۆس لێی پرسین: «باشە چ خراپەیەکی کردووە؟» بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان کرد: «لە خاچی بدە!»

[15] پیلاتۆسیش دەیویست خەڵکەکە ڕازی بکات، لەبەر ئەوە باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.

[16] سەربازەکان عیسایان بردە کۆشکەکە، کۆشکی فەرمانڕەوا و هەموو تیپەکەیان کۆکردەوە.

[17] کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد، تاجێکیان لە دڕک هۆنییەوە و لەسەریان نا.

[18] دەستیان بە سڵاو لێکردنی کرد، دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای جولەکە!»

[19] بە قامیش لەسەریان دەدا و تفیان لێی دەکرد، چۆکیان دادەدا و لەبەردەمی کڕنۆشیان دەبرد.

[20] کاتێک گاڵتەیان پێ کرد، کراسە ئەرخەوانییەکەیان لەبەردا داکەند و جلی خۆیان لەبەرکردەوە و بۆ لەخاچدان بردییانە دەرەوە.

[21] ڕێبوارێک لە کێڵگە دەهاتەوە، ناوی شیمۆنی کورێنی بوو، باوکی ئەسکەندەر و ڕوفوس، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت.

[22] ئینجا عیسایان بردە شوێنی گولگۆسا، واتە «شوێنی کاسەسەر».

[23] شەرابی تێکەڵکراو بە موڕیان بۆی ڕاگرت، بەڵام نەیخواردەوە.

[24] لە خاچیان دا و کراسەکەیان دابەش کرد، تیروپشکیان لەسەر کرد، بۆ ئەوەی بزانن هەریەکەیان چی بەردەکەوێت.

[25] کاتێک لە خاچیان دا کاتژمێر نۆ بوو،

[26] ناونیشانی تاوانەکەشی نووسرابوو: پاشای جولەکە.

[27] دوو دزیشیان لەگەڵی لە خاچ دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. ⌟

[28] نووسراوە پیرۆزەکە هاتە دی کە دەڵێت: [لە ڕیزی تاوانباران دانرا.] ⌞

[29] ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا، دەیانگوت: «ها! ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی بە سێ ڕۆژ،

[30] خۆت ڕزگار بکە و لە خاچەکە دابەزە.»

[31] بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات گاڵتەیان دەکرد و بە یەکتریان دەگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات!

[32] با ئێستا مەسیحی پاشای ئیسرائیل لە خاچەکە دابەزێت، تاکو ببینین و باوەڕ بهێنین.» ئەوانەش کە لەگەڵی لە خاچ دەدران قسەیان پێ دەگوت.

[33] بووە کاتژمێر دوازدە ، هەتا کاتژمێر سێ تاریکایی بەسەر هەموو زەوییەوە بوو.

[34] لە کاتژمێر سێ، عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «[ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟]» واتە، [خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟]

[35] هەندێک لە ئامادەبووان گوێیان لێبوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات.»

[36] یەکێک ڕایکرد و ئیسفەنجێکی لە سرکە هەڵکێشا و بەسەر قامیشێکەوە دایێ، گوتی: «لێگەڕێن، با بزانین ئەلیاس دێت دایبگرێت!»

[37] عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گیانی سپارد.

[38] پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەقبوو و بووە دوو پارچە.

[39] ئەو سەرپەلەی بەرامبەر عیسا ڕاوەستابوو، گوێی لە هاواری بوو و بینی چۆن گیانی سپارد، گوتی: «بەڕاستی ئەم مرۆڤە کوڕی خودا بوو!»

[40] چەند ژنێک لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، لەنێوانیاندا مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوبی بچووک و یوسی و سالومە دەبینران.

[41] ئەمانە لە جەلیلەوە دوای عیسا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد، زۆری دیکەش لەگەڵی هاتبوونە ئۆرشەلیم.

[42] ئێوارە داهات، ڕۆژی خۆ ئامادەکردن بوو، واتە ڕۆژی پێش شەممە،

[43] یوسفی خەڵکی ڕامە ئەندامێکی بەرزی ئەنجومەن بوو، ئەویش چاوەڕێی شانشینی خودای دەکرد، وێرای و چوو بۆ لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای کرد.

[44] پیلاتۆس سەرسام بوو ئاوا بە زوویی عیسا مردووە، سەرپەلەکەی بانگکرد و لێی پرسی ئاخۆ دەمێکە مردووە.

[45] کاتێک لە سەرپەلەکەوە زانی، تەرمەکەی دایە یوسف.

[46] ئەویش کەتانی کڕی، دایگرت و بە کەتان کفنی کرد، لە گۆڕێکدا ناشتی کە لە بەرد هەڵکەنرا بوو. ئینجا بەردێکی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە.

[47] مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوب، بینییان لەکوێ نێژرا.

مزگێنی بەپێی نووسینی مەرقۆس — Chapters