[1] لەدوای ئەوەی عیسا لە وتەکانی بووەوە بۆ ئەو خەڵکەی کە گوێیان لێدەگرت، چووە ناو کەفەرناحوم.
[2] سەرپەلێک کۆیلەیەکی هەبوو زۆری خۆشدەویست، نەخۆش بوو و لەسەرە مەرگدا بوو.
[3] کاتێک هەواڵی عیسای بیست، پیرانی جولەکەی ناردە لای و داوای لێکرد بێت بۆ ئەوەی کۆیلەکەی چاک بکاتەوە.
[4] هاتنە لای عیسا و لە ناخی دڵەوە لێی پاڕانەوە و گوتیان: «شایانی ئەوەیە کە ئەمەی بۆ بکەیت،
[5] چونکە گەلی ئێمەی خۆشدەوێت و کەنیشتی بۆمان دروستکردووە.»
[6] عیساش لەگەڵیان چوو. بەڵام زۆری نەمابوو بگاتە ماڵەکە کە سەرپەلەکە هاوڕێکانی نارد پێی بڵێن: «گەورەم، ئەزیەت مەکێشە، شایانی ئەوە نیم تۆ خۆت بێیتە ماڵەکەم،
[7] لەبەر ئەوە خۆمم بە شایانی ئەوە نازانی کە بێمە لات. بەڵام وشەیەک بفەرموو، خزمەتکارەکەم چاکدەبێتەوە،
[8] چونکە منیش مرۆڤێکم لەژێر دەسەڵاتدام، سەربازیشم لەژێر دەستدایە. بەمە دەڵێم: ”بڕۆ،“ دەڕوات؛ بەوی دیکەش دەڵێم: ”وەرە،“ دێت؛ بە کۆیلەکەشم دەڵێم: ”ئەمە بکە،“ دەیکات.»
[9] کاتێک عیسا گوێی لەمە بوو، پێی سەرسام بوو، ئینجا ئاوڕی لەو خەڵکە دایەوە کە دوای کەوتبوون، فەرمووی: «پێتان دەڵێم، لە ئیسرائیلدا باوەڕێکی بەهێزی ئاوام نەدیوە.»
[10] ئەوانەی نێردرابوون گەڕانەوە ماڵەکە، بینییان کۆیلەکە چاک بووەتەوە.
[11] بۆ ڕۆژی پاشتر، عیسا بۆ شارێک چوو ناوی نایین بوو، قوتابییەکانی و خەڵکێکی زۆری لەگەڵ چوون.
[12] کاتێک لە دەروازەی شارەکە نزیک بووەوە، تەرمێکی بینی بەسەر شانی خەڵکەوە، ئەویش کوڕە تاقانەی بێوەژنێک بوو، خەڵکێکی زۆری لەگەڵ بوو.
[13] کاتێک مەسیح ژنەکەی بینی، دڵی پێی سووتا و پێی فەرموو: «مەگریێ.»
[14] ئینجا هاتە پێشەوە و دەستی لە دارەمەیتەکە دا، هەڵگرانی ڕاوەستان. فەرمووی: «ئەی کوڕی گەنج، پێت دەڵێم، هەستە!»
[15] مردووەکە ڕاستبووەوە و دەستی کرد بە قسەکردن، عیساش دایەوە دەست دایکی.
[16] هەموو ترسیان لێ نیشت، ستایشی خودایان کرد، گوتیان: «لەناوماندا پێغەمبەرێکی مەزن دەرکەوتووە، خوداش گەلەکەی خۆی بەسەرکردەوە!»
[17] ئەم هەواڵەی ئەو لە هەموو یەهودیا و هەموو ناوچەکانی دەوروپشت بڵاو بووەوە.
[18] قوتابییەکانی یەحیا هەموو ئەمانەیان بە یەحیا ڕاگەیاند. ئەویش دووان لە قوتابییەکانی بانگکرد و
[19] ناردنی بۆ لای مەسیحی خاوەن شکۆ بۆ ئەوەی لێی بپرسن: «ئایا تۆی ئەوەی دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟»
[20] پیاوەکان هاتنە لای عیسا، گوتیان: «یەحیای لەئاوهەڵکێش ئێمەی بۆ لات ناردووە، دەڵێت: ”تۆی ئەوەی دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟“»
[21] لەو کاتەدا عیسا زۆر کەسی لە نەخۆشی و دەرد و ڕۆحە پیسەکان چاککردەوە، بینایی بە چاوی زۆر لە کوێرەکان بەخشی.
[22] ئینجا لە وەڵامدا پێی فەرموون: «بڕۆن چیتان بینی و بیستتان بە یەحیای ڕابگەیەنن، کوێر دەبینێت، شەل دەڕوات، گەڕوگول پاک دەبێتەوە، کەڕ دەبیستێت، مردوو هەڵدەستێتەوە و هەژار مزگێنی پێدەدرێت.
[23] خۆزگە دەخوازرێت بەوەی لە من بێ هیوا نابێت.»
[24] کاتێک نێردراوانی یەحیا ڕۆیشتن، عیسا ڕووی لە خەڵکەکە کرد و سەبارەت بە یەحیا فەرمووی: «بۆ بینینی چی چوونە چۆڵەوانی؟ قامیشێک کە با دەیجوڵێنێتەوە؟
[25] ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ مرۆڤێک کە جلوبەرگی گرانبەهای پۆشیوە؟ نەخێر، ئەوانەی جلوبەرگی گرانبەها دەپۆشن و خۆش ڕادەبوێرن لە کۆشکەکان دەژین.
[26] ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ پێغەمبەرێک؟ بەڵێ، پێتان دەڵێم، لە پێغەمبەریش مەزنتر.
[27] یەحیا ئەو کەسەیە کە دەربارەی نووسراوە: «[من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم، ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات.]
[28] من پێتان دەڵێم: لەنێو ئەوانەی لە ژن لەدایک بوون، کەس لە یەحیا پایەبەرزتر نییە، بەڵام بچووکترینی ئەوەی لە شانشینی خودایە لەو پایەبەرزترە.»
[29] هەموو ئەوانەی گوێیان لێبوو، تەنانەت باجگرانیش دانیان بە دادپەروەری خودا نا، چونکە بە دەستی یەحیا لە ئاو هەڵکێشرا بوون.
[30] بەڵام فەریسی و تەوراتناس خواستی خودایان دەرهەق بە خۆیان ڕەتکردەوە، چونکە لەسەر دەستی ئەو لە ئاو هەڵنەکێشرابوون.
[31] عیسا بەردەوام بوو و فەرمووی: «ئەم نەوەیە بە چی بەراورد بکەم؟ لە چی دەچن؟
[32] لەو منداڵانە دەچن کە لە بازاڕدا دانیشتوون یەکتری بانگ دەکەن و دەڵێن: «”زوڕنامان بۆ لێدان و هەڵنەپەڕین، شینمان بۆ کردن و نەگریان.“
[33] یەحیای لەئاوهەڵکێش هات، نە نان دەخوات و نە شەراب دەخواتەوە، دەڵێن: ”ڕۆحی پیسی تێدایە.“
[34] کوڕی مرۆڤ هات، دەخوات و دەخواتەوە، دەڵێن: ”ئەمە کابرایەکی نەوسن و مەیخۆرە، هاوڕێی باجگران و گوناهبارانە.“
[35] بەڵام دانایی ڕاستەقینە لە بەرهەمیەوە دەردەکەوێت.»
[36] یەکێک لە فەریسییەکان داوای لە عیسا کرد نانی لەگەڵ بخوات، ئەویش چووە ماڵی فەریسییەکە و لەسەر خوان دانیشت.
[37] لە شارەکە ئافرەتێکی گوناهبار هەبوو، زانی عیسا لە ماڵی فەریسییەکە دانیشتووە، بوتڵێکی ئەلەباستەریی بۆنی هێنا،
[38] لە دواوە بە گریانەوە لەلای پێی ڕاوەستا، پێیەکانی بە فرمێسک تەڕ کرد و بە قژی بۆی سڕییەوە، پێیەکانی ماچکرد و بە بۆنەکە چەوری کردن.
[39] ئەو فەریسییەی کە عیسای داوەت کردبوو، کاتێک ئەمەی بینی، لە دڵیدا گوتی: «ئەگەر ئەمە پێغەمبەر بووایە، دەیزانی ئەم ئافرەتەی دەستی لێدەدات کێیە و چییە، چونکە گوناهبارە.»
[40] عیسا وەڵامی دایەوە: «شیمۆن، دەمەوێ شتێکت پێ بڵێم.» گوتی: «بفەرموو مامۆستا.»
[41] «کابرایەک قەرزی دابوو بە دوو کەس، بە یەکێکیان پێنج سەد دینار ، ئەوەی دیکەیان پەنجا.
[42] نەیانبوو بیدەنەوە، کابرا لە هەردووکیان خۆشبوو. کامیان زیاتر کابرای خۆشدەوێت؟»
[43] شیمۆن وەڵامی دایەوە: «لەو باوەڕەدام ئەوەی پارە زۆرەکەی لەلابوو.» پێی فەرموو: «حوکمەکەت ڕاستە.»
[44] ڕووی کردە ئافرەتەکە و بە شیمۆنی فەرموو: «ئەم ئافرەتە دەبینیت؟ هاتمە ماڵەکەت و ئاوت نەدامێ بۆ ئەوەی پێیەکانم بشۆم، بەڵام ئەم بە فرمێسک پێی تەڕ کردم و بە قژی سڕییەوە.
[45] تۆ ماچت نەکردم، بەڵام ئەم لەو کاتەوەی هاتوومەتە ژوورەوە لە ماچکردنی پێیەکانم نەوەستاوە.
[46] تۆ زەیتت لە سەرم نەدا، بەڵام ئەم بە بۆن پێیەکانمی چەورکرد.
[47] لەبەر ئەم هۆیە پێت دەڵێم، گوناهە زۆرەکانی بەخشران و ئاوا خۆشەویستییە زۆرەکەی دەردەبڕێت . بەڵام ئەوەی کەم بەخشراوە، کەم خۆشەویستی دەردەبڕێت.»
[48] ئینجا بە ئافرەتەکەی فەرموو: «گوناهەکانت بەخشران.»
[49] ئەوانەی لەگەڵی دانیشتبوون لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کێیە تەنانەت گوناهیش دەبەخشێت؟»
[50] عیسا بە ئافرەتەکەی فەرموو: «باوەڕت ڕزگاری کردیت. برۆ بە سەلامەت.»