Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:57

[1] ئەوە بوو لە ڕۆژی شەممەدا کاتێک عیسا بۆ نانخواردن چووە ماڵی یەکێک لە سەرکردە فەریسییەکان، ئەوانەی لەوێ بوون چاودێرییان دەکرد.

[2] پیاوێکیش کە نەخۆشی ئاوبەندی هەبوو لە بەرامبەری بوو.

[3] عیسا لە تەوراتناس و فەریسییەکانی پرسی: «ئایا لە ڕۆژی شەممەدا چاککردنەوە دروستە یان نا؟»

[4] ئەوان بێدەنگ بوون. ئەویش کابرای گرت و چاکیکردەوە و بەڕێی کرد.

[5] پێی فەرموون: «کامەتان کوڕەکەی یان گایەکەی لە ڕۆژی شەممەدا بکەوێتە بیرەوە دەستبەجێ دەریناهێنێت؟»

[6] نەیانتوانی وەڵامی ئەم شتانە بدەنەوە.

[7] کاتێک تێبینی کرد چۆن بانگهێشتکراوان ڕیزی پێشەوە دەگرن، نموونەیەکی هێنایەوە و فەرمووی:

[8] «کاتێک یەکێک بۆ شایی بانگهێشتت دەکات، لە ڕیزی پێشەوە دامەنیشە، نەوەک لە تۆ ڕێزدارتریشی بانگهێشت کردبێت.

[9] ئینجا ئەوەی تۆ و ئەوی بانگهێشت کردووە، دێت و پێت دەڵێ: ”شوێنەکەت بۆ ئەمە چۆڵ بکە،“ تۆش تەریق دەبیتەوە و ڕیزی دواوە دەگریت.

[10] بەڵام کاتێک بانگهێشت دەکرێیت بڕۆ لە دواوە دانیشە، تاوەکو کاتێک ئەوەی بانگهێشتی کردوویت، بێت و پێت بڵێت: ”هاوڕێم، هەستە وەرە پێشەوە.“ ئەوسا لەبەرچاوی هەموو ئەوانەی لەگەڵت دانیشتوون قەدرگران دەبیت.

[11] بەم شێوەیە ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە.»

[12] ئینجا بەوەی گوت کە بانگهێشتی کردووە: «کاتێک نانی نیوەڕۆ یان ئێوارە ئامادە دەکەیت، هاوڕێ و برا و خزم و دراوسێ دەوڵەمەندەکانت بانگ مەکە، نەوەک ئەوانیش بانگت بکەنەوە، چاکەت بدەنەوە.

[13] بەڵکو ئەگەر میواندارییەکت کرد، هەژار و پەککەوتە و شەل و کوێر بانگهێشت بکە.

[14] خۆزگەت پێ دەخوازرێ، چونکە نییانە پاداشتت بدەنەوە، تۆش لە هەستانەوەی ڕاستودروستان پاداشت دەدرێیتەوە.»

[15] یەکێک لە میوانەکان ئەمەی بیست، گوتی: «خۆزگە دەخوازرێت بەوەی لە شانشینی خودا نان دەخوات.»

[16] عیسا وەڵامی دایەوە: «کابرایەک شێوێکی گەورەی ئامادە کرد و خەڵکێکی زۆری بانگهێشت کرد.

[17] لە کاتی نانخواردندا کۆیلەیەکی خۆی نارد تاکو بە بانگهێشتکراوان بڵێت: ”فەرموون، ئێستا هەموو شتێک ئامادەیە.“

[18] «بەڵام هەموو وەک یەک داوای لێبوردنیان کرد. یەکەمیان پێی گوت: ”کێڵگەیەکم کڕیوە و پێویستە بڕۆم بیبینم، تکایە لێم ببورە.“

[19] «یەکێکی دیکە گوتی: ”پێنج جووت گام کڕیوە و دەچم بزانم چۆنن، تکایە لێم ببورە.“

[20] «یەکێکی دیکەشیان گوتی: ”ژنم هێناوە، لەبەر ئەوە ناتوانم بێم.“

[21] «کۆیلەکەش هاتەوە و ئەمانەی بە گەورەکەی ڕاگەیاند. خاوەن ماڵ تووڕە بوو و بە کۆیلەکەی گوت: ”خێرا بڕۆ بۆ شەقام و کۆڵانەکانی شار، هەژار و پەککەوتە و کوێر و شەلەکان بهێنە ئێرە.“

[22] «کۆیلەکە گوتی: ”گەورەم ئەوەی فەرمانت دا کرا، هێشتا شوێن ماوە.“

[23] «گەورەکە بە کۆیلەکەی گوت: ”بڕۆ دەرەوە بۆ ڕێگا و ڕێچکەکان بە زۆر خەڵک بهێنە ژوورەوە، تاکو ماڵەکەم پڕبێت.

[24] پێتان دەڵێم، لەوانەی بانگهێشت کرابوون کەس تامی شێوەکەم ناکات.“»

[25] خەڵکێکی زۆر لەگەڵ عیسا دەڕۆیشتن بە ڕێگادا، ئاوڕی دایەوە و پێی گوتن:

[26] «ئەگەر یەکێک بێتە لام و ڕقی لە دایک و باوکی، ژن و منداڵی، برا و خوشکەکانی نەبێتەوە، بگرە لە خۆشی، ناتوانێت ببێتە قوتابی من.

[27] ئەوەی خاچەکەی هەڵنەگرێت و دوام نەکەوێت، ناتوانێت ببێتە قوتابی من.

[28] «کێ لە ئێوە ئەگەر بیەوێت قوللەیەک دروستبکات، یەکەم جار دانانیشێت و خەرجییەکەی ناخەمڵێنێت، ئاخۆ ئەوەندەی هەیە بۆ تەواوکردنی؟

[29] نەوەک بناغەکەی دابنێت و نەتوانێت تەواوی بکات، ئەوسا هەموو ئەوانەی دەیبینن گاڵتەی پێ دەکەن،

[30] دەڵێن: ”ئەم پیاوە دەستی پێکرد بینا بکات و نەیتوانی تەواوی بکات.“

[31] «یان چ پاشایەک دەچێتە شەڕی پاشایەکی دیکە و یەکەم جار دانانیشێت و ڕاوێژ ناکات، ئایا بە دە هەزار کەسەوە دەتوانێت بەرەنگاری ئەوە ببێتەوە کە بە بیست هەزارەوە دێتە سەری؟

[32] ئەگینا خۆ تاکو دوورە، شاندێکی بۆ دەنێرێت و داوای ئاشتی دەکات.

[33] بەم شێوەیە، هەر یەکێکتان ئەگەر واز لە هەموو شتێک نەهێنێت کە هەیەتی، ناتوانێت ببێتە قوتابی من.

[34] «خوێ باشە، بەڵام ئەگەر سوێرییەکەی نەما، بە چی سوێر دەکرێتەوە؟

[35] ئەوسا نە بەکەڵکی زەوی دێت و نە بەکەڵکی پەیین دێت، بەڵکو فڕێدەدرێتە دەرەوە. «ئەوەی گوێی بۆ بیستن هەیە، با ببیستێت.»

مزگێنی بەپێی نووسینی لۆقا — Chapters