[1] ئیتر یوسف نەیتوانی خۆی ڕابگرێت لەبەردەم هەموو ئەوانەی لەلای ڕاوەستابوون، هاواری کرد: «هەمووان لەلام بڕۆنە دەرەوە!» ئیتر کەسی لێ نەمابوو کاتێک خۆی بە براکانی ناساند.
[2] بە دەنگێکی وا بەرز گریا کە میسرییەکان گوێیان لێبوو، ماڵی فیرعەونیش ئەمەی بیست.
[3] یوسف بە براکانی گوت: «من یوسفم. ئایا باوکم هێشتا ماوە؟» بەڵام براکانی نەیانتوانی وەڵامی بدەنەوە، چونکە لەبەردەم یوسف تۆقین.
[4] ئینجا یوسف بە براکانی گوت: «لێم وەرنە پێشەوە.» ئەوانیش هاتنە پێشەوە، ئەمیش گوتی: «من یوسفی براتانم کە بە میسرتان فرۆشت.
[5] ئێستاش نە داخ هەڵبکێشن و نە لەسەر دڵیشتان گران بێت کە منتان بە ئێرە فرۆشتووە، چونکە بۆ مانەوەی ژیان بوو کە خودا منی پێش ئێوە نارد.
[6] ئەمە دوو ساڵە لە خاکەکە قاتوقڕی هەیە، بۆ پێنج ساڵی دیکەش نە کێڵان دەبێت و نە دروێنە.
[7] بەڵام خودا منی پێش ئێوە نارد بۆ دابینکردنی پاشەڕۆژتان لە زەوی، بۆ ژیان بۆتان، بۆ دەربازبوونێکی مەزن.
[8] «ئێستاش ئێوە نین کە منتان بۆ ئێرە نارد، بەڵکو خودایە منی کردووەتە باوک بۆ فیرعەون و گەورەی هەموو ماڵەکەی و فەرمانڕەوای هەموو خاکی میسر.
[9] پەلە بکەن و بڕۆنە لای باوکم و پێی بڵێن: ”یوسفی کوڕت وای گوت، خودا منی کردووە بە گەورەی هەموو میسر. بەرەو خوار وەرە بۆ لام و ڕامەوەستە.
[10] لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ دەبیت و لە من نزیک دەبیت، خۆت و کوڕەکانت و کوڕی کوڕەکانت و ڕانە مەڕەکەت و گاگەلەکەت و هەرچییەکت هەیە.
[11] لەوێ خۆم بەخێوت دەکەم، چونکە قاتوقڕییەکە هێشتا پێنج ساڵی ماوە. ئەگینا خۆت و ماڵەکەت و هەرچیشت هەیە هەژار دەبن.“
[12] «وا بە چاوی خۆتان دەبینن، هەروەها چاوی بنیامینی براشم، کە بەڕاستی دەمی منە قسەتان لەگەڵ دەکات.
[13] هەموو مەزنی من لە میسر بە باوکم ڕابگەیەنن، لەگەڵ هەموو ئەوەی بینیوتانە، بە پەلەش باوکم بۆ ئێرە بهێنن.»
[14] ئینجا خۆی بەسەر شانی بنیامین دادا و گریا، بنیامینیش لەسەر شانی گریا.
[15] ئینجا هەموو براکانی ماچکرد و لەگەڵیان گریا. لەدوای ئەوە براکانی قسەیان لەگەڵی کرد.
[16] هەواڵەکە لە ماڵی فیرعەون بیسترا و گوترا، «براکانی یوسف هاتوون،» فیرعەون و دەستوپێوەندەکەی پێیان باش بوو.
[17] فیرعەون بە یوسفی گوت: «بە براکانت بڵێ: ”ئەمە بکەن: وڵاخەکانتان بار بکەن و بڕۆن بۆ خاکی کەنعان.
[18] باوکتان و ماڵتان هەڵبگرن و وەرنە لام، منیش باشترین خاکی میسرتان دەدەمێ، لە چەوری زەوییەکە بخۆن.“
[19] «هەروەها تۆ فەرمانت پێکراوە فەرمانیان پێبکە: ”ئەمە بکەن: لە خاکی میسرەوە عەرەبانە ببەن بۆ ژن و منداڵەکانتان، باوکیشتان سەربخەن و وەرن.
[20] با چاویشتان لەدوای کەلوپەلەکانتان نەبێت، چونکە چاکی هەموو خاکی میسر بۆ ئێوە دەبێت.“»
[21] کوڕەکانی ئیسرائیلیش بەم جۆرەیان کرد. یوسفیش لەسەر زاری فیرعەون، عەرەبانەی دانێ، هەروەها ئازووقەشی دانێ بۆ ڕێگا.
[22] هەریەکەیان قاتێک جلی دانێ، بەڵام بۆ بنیامین سێ سەد شاقل زیو و پێنج قات جلی دایێ.
[23] ئەمانەشی بۆ باوکی نارد، دە گوێدرێژی بارکراو لە خێروبێری میسر، دە ماکەری بارکراو لە گەنم و نان و خۆراک بۆ ڕێگا بۆ باوکی.
[24] ئینجا براکانی بەڕێ کرد و ڕۆیشتن، پێشی گوتن: «لە ڕێگا بەگژ یەکدا مەچن!»
[25] ئەوانیش لە میسرەوە چوون و هاتنەوە خاکی کەنعان بۆ لای یاقوبی باوکیان.
[26] پێیان ڕاگەیاند و گوتیان: «یوسف هێشتا زیندووە، خۆی فەرمانڕەوای هەموو خاکی میسرە!» یاقوبیش بوورایەوە، چونکە بڕوای پێ نەکردن.
[27] بەڵام کاتێک هەموو ئەو قسانەی یوسفیان پێ گوت کە پێی گوتبوون، چاویشی بە عەرەبانەکان کەوت کە یوسف ناردبوونی بۆ ئەوەی بیهێننە میسر، بەوەش ڕۆحی یاقوبی باوکیان ژیایەوە.
[28] ئیسرائیل گوتی: «بەسە! یوسفی کوڕم هێشتا ماوە، دەچم و پێش ئەوەی بمرم دەیبینم.»