Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:43

[1] ئینجا یاقوب پێی هەڵگرت و بەرەو خاکی گەلانی ڕۆژهەڵات ڕۆیشت.

[2] بینی وا بیرێک لە دەشتودەرەکە هەیە و سێ ڕانە مەڕ لەوێ ڕاکشاون، چونکە شوانەکان لەو بیرەوە مەڕەکانیان ئاو دەدا. بەردێکی گەورەش لەسەر دەمی بیرەکە بوو.

[3] کاتێک هەموو مێگەلەکان لەوێ کۆدەبوونەوە، شوانەکان بەردی سەر دەمی بیرەکەیان گلۆر دەکردەوە و مەڕەکانیان ئاو دەدا. پاشان بەردەکەیان دەگەڕاندەوە سەر دەمی بیرەکە، بۆ شوێنی خۆی.

[4] یاقوب بانگی کردن: «برایان، ئێوە خەڵکی کوێن؟» ئەوانیش گوتیان: «ئێمە خەڵکی حەڕانین.»

[5] پێی گوتن: «لابانی کوڕەزای ناحۆر دەناسن؟» گوتیان: «دەیناسین.»

[6] ئینجا یاقوب گوتی: «خۆ سەلامەتە؟» گوتیان: «بەڵێ سەلامەتە، ئەوەش ڕاحێلی کچییەتی مەڕەکان بەرەو ئێرە دێنێت.»

[7] گوتی: «وا هێشتا ڕۆژ زۆری ماوە، کاتی کۆکردنەوەی مەڕەکان نییە. مەڕەکان ئاو بدەن و بڕۆنەوە بیانلەوەڕێنن.»

[8] ئەوانیش گوتیان: «ناتوانین، هەتا هەموو مەڕەکان کۆنەبنەوە و بەردی سەر دەمی بیرەکە تل نەدرێت. ئەو کاتە مەڕەکان ئاو دەدرێن.»

[9] هێشتا خەریکی قسەکردن بوو لەگەڵیان، ڕاحێل هات و مەڕەکانی باوکیشی لەگەڵ بوو، چونکە ڕاحێل شوان بوو.

[10] کاتێک یاقوب ڕاحێلی کچی لابانی خاڵی و مەڕەکانی لابانی خاڵی بینی، یاقوب چووە پێشەوە و تلی دا بە بەردی سەر بیرەکە و مەڕەکانی لابانی خاڵی ئاو دا.

[11] یاقوب ڕاحێلی ماچکرد و دەنگی بەرزکردەوە و گریا.

[12] ئیتر یاقوب لە ڕاحێلی گەیاند کە ئەو کەسی باوکییەتی و کوڕی ڕڤقەیە. ئەویش ڕایکرد و بە باوکی ڕاگەیاند.

[13] هەر کە لابان ئەم هەواڵەی یاقوبی خوشکەزای بیست، بە ڕاکردن چوو بۆ دیدەنی. باوەشی پێدا کرد و ماچی کرد و هێنایە ماڵەکەی خۆی. جا هەموو ئەم شتانەی بۆ لابان باسکرد.

[14] لابانیش پێی گوت: «تۆ لە گۆشت و خوێنی منیت.» لەدوای ئەوەی یاقوب مانگێک لەلای مایەوە،

[15] لابان پێی گوت: «هەر لەبەر ئەوەی کەسی خۆمیت، ئایا ئیتر بەخۆڕایی کارم بۆ دەکەیت؟ پێم بڵێ ئاخۆ کرێیەکەت چی بێت؟»

[16] لابان دوو کچی هەبوو، گەورەکەیان ناوی لێئە بوو، بچووکەکەشیان ناوی ڕاحێل بوو.

[17] چاوەکانی لێئە کز بوون، بەڵام ڕاحێل ناسک و جوان بوو.

[18] یاقوب ڕاحێلی خۆشدەویست، گوتی: «حەوت ساڵ کارت بۆ دەکەم بەرامبەر ڕاحێلی کچە بچووکەکەت.»

[19] لابانیش گوتی: «بیدەمە تۆ باشترە لەوەی بیدەمە پیاوێکی دیکە. لێرە لەلای خۆم بمێنەوە.»

[20] ئیتر یاقوب لەبەر ڕاحێل حەوت ساڵ کاری کرد، بەڵام لەلای ئەو وەک چەند ڕۆژێکی کەم وابوو، لەبەر خۆشەویستییەکەی بەرامبەر بە ڕاحێل.

[21] ئینجا یاقوب بە لابانی گوت: «ژنەکەم بدەرێ، چونکە ماوەی خۆم تەواو بوو، دەشمەوێت بیگوازمەوە.»

[22] لابانیش خەڵکی شوێنەکەی کۆکردەوە و ئاهەنگێکی ساز کرد.

[23] بەڵام کاتێک ئێوارە داهات، پەلی لێئەی کچی گرت و هێنای بۆ یاقوب. ئەویش لەگەڵی نوست.

[24] هەروەها لابان زیلپەی کەنیزەی خۆی کردە کەنیزەی لێئەی کچی.

[25] کە ڕۆژ بووەوە، لێئە لەوێ بوو! یاقوبیش بە لابانی گوت: «ئەمە چییە بە منت کرد؟ مەگەر بۆ ڕاحێل نەبوو کە کارم بۆ کردیت؟ ئەی بۆچی فێڵت لێکردم؟»

[26] لابانیش گوتی: «ئەوە دابونەریتی ئێمە نییە، لێرە کچە بچووکەکە پێش گەورەکە بە شوو بدەین.

[27] هەفتەی بووکێنی ئەم تەواو بکە، ئەوی دیکەشیانت دەدەینێ بەرامبەر بە حەوت ساڵی دیکەی کار، کە بۆ منی دەکەیت.»

[28] یاقوبیش بەم جۆرەی کرد. حەوت ڕۆژەکەی لەگەڵ لێئە تەواو کرد، لابانیش ڕاحێلی کچی پێدا هەتا ببێتە ژنی.

[29] هەروەها لابان بیلهەی کەنیزەی خۆی کردە کەنیزەی ڕاحێلی کچی.

[30] یاقوب لەگەڵ ڕاحێلیش نوست، ئەو ڕاحێلی لە لێئە زیاتر خۆشدەویست. حەوت ساڵی دیکەش کاری بۆ لابان کرد.

[31] یەزدان بینی کە لێئە خۆشەویست نییە، ئیتر منداڵدانی کردەوە. بەڵام ڕاحێل نەزۆک بوو.

[32] لێئە سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو ناوی لێنا ڕەئوبێن ، لەبەر ئەوەی گوتی: «یەزدان نەگبەتی منی بەدی کردووە، بێگومان ئێستا مێردەکەم منی خۆشدەوێ.»

[33] دیسان سکی پڕ بوو، کوڕێکی دیکەی بوو، گوتی: «یەزدان بیستوویەتی خۆشەویست نیم. ئیتر ئەمەشی دامێ.» ناوی لێنا شیمۆن.

[34] جارێکی دیکەش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو، گوتی: «وا ئەم جارە ئیتر مێردەکەم پێمەوە پەیوەست دەبێت، چونکە سێ کوڕم بۆی بووە.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا لێڤی .

[35] دیسان سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو، گوتی: «ئەم جارە ستایشی یەزدان دەکەم.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا یەهودا . ئیتر لە سککردن وەستا.

پەیدابوون — Chapters