Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:14

[1] هەروەها فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

[2] «ئەی کوڕی مرۆڤ، یەزدانی باڵادەست ئەمە بە خاکی ئیسرائیل دەفەرموێت: «”کۆتایی! کۆتاییەکە هات! هەر چوار لای خاکەکەی گرتەوە.

[3] ئێستاش کۆتاییەکەت نزیک بووەتەوە، تووڕەییم بەسەرتدا دەبارێنم. بەگوێرەی ڕەفتارەکانت حوکمت بەسەردا دەدەم و سزای هەموو نەریتە قێزەونەکانت دەدەمەوە.

[4] جا چاوەکانم بەزەیی پێتدا نایەتەوە و دەستم لێت ناپارێزم، بەڵکو سزای ڕەفتارەکانت دەدەم، سزای ئەو نەریتە قێزەونانەش دەدەم کە لەنێوتان دەکرێن. ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“

[5] «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”بەڵایەک دێت! بەڵایەک لەمەوپێش لە وێنەی نەبووە!

[6] کۆتاییەکە هات! کۆتاییەکە هات! ئاوڕی لێت دایەوە، ببینە، وا هات!

[7] ئەی دانیشتووی خاکەکە نۆرە گەیشتە سەرت، کاتەکەی هات و ڕۆژەکە نزیک بووەتەوە، لەسەر چیاکان هاتوهەرایە، نەک هاواری خۆشی.

[8] ئێستا بەم زووانە تووڕەیی خۆم بەسەر تۆدا دەبارێنم و هەڵچوونی خۆم هەڵدەڕێژم، بەپێی کردەوەکانت حوکمت بەسەردا دەدەم و لەسەر هەموو نەریتە قێزەونەکان سزات دەدەم.

[9] جا چاوەکانم بەزەیی پێتدا نایەتەوە و دەستم لێت ناپارێزم، بەڵکو سزای ڕەفتارەکانت دەدەم، سزای ئەو نەریتە قێزەونانەش کە لەنێوتان دەکرێن. ئیتر دەزانن کە من یەزدانم لێتان دەدەم.

[10] «”ئەوەتا ڕۆژەکە! ئەوەتا هات! چەرخ سووڕایەوە، داردەست گوڵی کرد، لووتبەرزی چرۆی کرد!

[11] ستەم بووە داردەستی خراپە، نە خۆیان و نە سامانیان و نە هاتوهەرایان دەمێنێت، شکۆیان نامێنێت.

[12] کاتەکە هاتووە! ڕۆژەکە گەیشتووە! ئینجا نە کڕیار دڵخۆش دەبێت و نە فرۆشیار خەمبار دەبێت، چونکە تووڕەیی لەسەر هەموو خەڵکەکەیە.

[13] فرۆشیار تەمەنی هەرچەند بێت فرۆشراو وەرناگرێتەوە، چونکە ئەو پەیامەی خودا بۆ هەموو خەڵکەکەیە ناگەڕێتەوە، مرۆڤیش لەبەر تاوانەکەی ناتوانێت دەست بە ژیانییەوە بگرێت.

[14] «”هەرچەندە فوو لە کەڕەنا بکەن و هەموو چەک و ئازووقەیەک ئامادە بکەن، بەڵام کەس ناچێتە جەنگ، چونکە تووڕەییم لەسەر هەموو خەڵکەکەیە.

[15] شمشێر لە دەرەوە و دەرد و قاتوقڕیش لەناوەوە. ئەوەی لە دەشتودەرە بە شمشێر دەمرێت، ئەوەش لە شارە قاتوقڕی و دەرد دەیخوات.

[16] ئەوانەی دەرباز دەبن هەڵدێن بۆ چیاکان و وەک کۆتری دۆڵەکان هەموویان دەگمێنن، هەریەکە و لەبەر تاوانەکەی خۆی.

[17] هەموو دەستەکان شل دەبن و هەموو ئەژنۆکان دەبن بە ئاو.

[18] جلوبەرگی گوش دەپۆشن و ترس دایاندەگرێت. ڕیسوایی لەسەر ڕوخساریان دەبێت و سەریان دەڕووتێتەوە.

[19] «”زیوەکانیان فڕێدەدەنە سەر شەقامەکان و زێڕیان دەبێتە گڵاوی. زێڕ و زیویان ناتوانێت لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان فریایان بکەوێت. بەوانە تێر نابن و هەر برسی دەبن، چونکە ئەو شتانە بۆیان بوون بە کۆسپی تاوان.

[20] بە خشڵە جوانەکانیشیان کە مایەی شانازی بوون لە دروستکردنی بتە گڵاوەکانیان بەکاریانهێنا، وێنەی قێزەونیان دروستکرد. لەبەر ئەوە بۆیان دەکەم بە مایەی گڵاوی.

[21] دەیدەمە دەست بێگانەکان بۆ تاڵانی، هەروەها دەیدەمە بەدکارانی زەوی بۆ دزی، جا گڵاوی دەکەن.

[22] ڕووی خۆم لێیان وەردەگێڕم و شوێنی بەنرخم گڵاو دەکەن، توندوتیژەکان دێنە ناویەوە، ئەوێ گڵاو دەکەن.

[23] «”زنجیر دروستبکە بۆ بەدیلگرتن! چونکە خاکەکە پڕ بووە لە تاوانی خوێنڕشتن، شارەکەش پڕ بووە لە ستەم.

[24] جا دڕندەترینی نەتەوەکان دەهێنم و دەست بەسەر ماڵەکانیاندا دەگرن، شانازیکردنی بەهێزەکان لەناودەبەم، پیرۆزگاکانیان گڵاو دەبێت.

[25] لە کاتی تۆقینیان داوای ئاشتی دەکەن و نییە.

[26] بەڵا لەسەر بەڵا و هەواڵ لەسەر هەواڵ دێت، داوای بینین لە پێغەمبەر دەکەن، فێرکردن لەلای کاهین نامێنێت، ڕاوێژکردنیش لەلای پیران.

[27] پاشا دەگریێت و میر نائومێد دەبێت، دەستی گەلی خاکەکەش دەلەرزێت. بەگوێرەی ڕەفتاری خۆیان بەسەریاندا دەهێنمەوە و بەگوێرەی حوکمەکانی خۆیان حوکمیان بەسەردا دەدەم. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»

حزقیێل — Chapters