Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:41

[1] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

[2] «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”واوەیلا بکەن، ’ئای بۆ ئەو ڕۆژە!‘

[3] چونکە ڕۆژەکە نزیکە، ڕۆژەکەی یەزدان نزیکە، ڕۆژێکی بە هەورە، کاتی وێرانبوونی نەتەوەکان دەبێت.

[4] شمشێرێک دێتە سەر میسر، ترس دێتە سەر کوش. کاتێک کوژراوان لە میسر دەکەون، سامانەکەی دەبردرێت و بناغەکانی دەڕووخێنرێت.

[5] کوش و لیبیا، لوود و هەموو عەرەبستان، کووب و نەوەکانی خاکی پەیمان، لەگەڵ میسر بە شمشێرەکە دەکەون.

[6] «”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «”هاوپەیمانانی میسر دەشکێن و هێزەکەی لەدەست دەدات کە مایەی شانازییەتی، خەڵکەکەشی لە مگدۆلەوە هەتا ئەسوان بە شمشێرەکە دەکوژرێن.“» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

[7] «”وەک خاکەکانی دەوروبەریان چۆڵ دەبن، شارەکانیان لە ڕیزی شارە کاولەکان دەبن.

[8] بەوە دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک ئاگر لە میسر بەردەدەم و هەموو یارمەتیدەرانی تێکدەشکێنرێن.

[9] «”لەو ڕۆژەدا، نێردراوان بە سواری کەشتی لەلای منەوە دێن بۆ تۆقاندنی کوشی لەخۆڕازی، ئینجا لە ڕۆژی سزادانی میسر ترس دێتە سەریان، چونکە ئەوەتا دێت.

[10] «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”من ئاپۆرەی سوپای میسر لەناودەبەم، بە دەستی نەبوخودنەسری پاشای بابل.

[11] ئەو بە خۆی و بە لەشکرەکەیەوە دڕندەترینی نەتەوەکانن، بۆ کاولکردنی خاکەکە دەهێنرێن، جا شمشێرەکانیان بۆ سەر میسر هەڵدەکێشن، خاکەکە پڕ دەکەن لە کوژراو.

[12] چەمەکانی نیل وشک دەکەم و خاکەکە دەفرۆشم بە خراپەکاران، بە دەستی بێگانان خاکەکە و هەرچی تێیدایە کاولی دەکەم. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.

[13] «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «”بتەکان لەناودەبەم و کۆتایی بە پەیکەرەکانی نێو مەمفیس دەهێنم، لەمەودوا هیچ میرێک لە خاکی میسر هەڵناکەوێت، ترس دەخەمە سەر خاکی میسر.

[14] پاشایەتی باشووری میسر تێکدەدەم و ئاگر لە چۆعەن بەردەدەم و لە تیب سزا دەسەپێنم.

[15] تووڕەیی خۆم بەسەر شاری پەلوزیوم دەبارێنم، قەڵاکەی میسر، ئاپۆرەی سوپای تیب ڕیشەکێش دەکەم.

[16] ئاگر لە میسر بەردەدەم، پەلوزیوم ئێشی پێ دەگات. تیب تەفروتونا دەبێت، مەمفیسیش هەموو ڕۆژێک لە تەنگانەدا دەبێت.

[17] گەنجەکانی ئۆن و پیڤەسەت بە شمشێر دەکوژرێن، ئەو دوو شارەش ڕاپێچ دەکرێن.

[18] لە تەحپەنحێس ڕۆژ تاریک دادێت کاتێک نیرەکانی میسر دەشکێنم، شانازی هێزی نامێنێت. هەورێک میسر دادەپۆشێت، شارۆچکەکانی ڕاپێچ دەکرێن.

[19] لە میسر سزا دەسەپێنم، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»

[20] لە حەوتی مانگی یەکی ساڵی یازدەیەمین، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:

[21] «ئەی کوڕی مرۆڤ، من بازووی فیرعەونی پاشای میسرم شکاند. یەکناگرێتەوە، نە بە پەلیکە دار و نە بە پێچانەوەی، بۆ ئەوەی بەهێز بێت و شمشێر بەدەستەوە بگرێتەوە.

[22] لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی فیرعەونی پاشای میسرم. هەردوو بازووی دەشکێنم، ساغەکە و شکاوەکە، شمشێر لە دەستی بەردەدەمەوە.

[23] میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرت دەکەم و بەناو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە.

[24] هەردوو بازووی پاشای بابل توند دەکەم و شمشێری خۆم دەدەمە دەستییەوە. هەردوو بازووی فیرعەونیش دەشکێنم و لەبەردەمی وەک نوزانەوەی بریندار دەنوزێتەوە.

[25] بازووەکانی پاشای بابل توند دەکەم، بەڵام بازووەکانی فیرعەون دەکەون. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک شمشێری خۆم دەدەمە دەست پاشای بابل و بەسەر خاکی میسردا هەڵیدەکێشێت.

[26] میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرتەوازە دەکەم و بەناو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»

حزقیێل — Chapters