[1] ئەی لەخۆڕازییەکانی سییۆن، ئەی ئەوانەی کە بە ئاسوودەیی لەسەر کێوی سامیرە دەژین، ئەی پیاوماقوڵانی پێشەنگی گەلان کە بنەماڵەی ئیسرائیل دێنە لاتان، قوڕبەسەرتان!
[2] بۆ کەلنێ بپەڕنەوە و تەماشا بکەن، لەوێوە بڕۆنە حەماتی گەورە و پاشان بۆ گەتی فەلەستییەکان دابەزن. ئایا دۆخی ئێوە لەم شانشینانە باشترە؟ یان ئایا سنوورەکانیان لە سنوورەکانتان فراوانترە؟
[3] ئێوە ڕۆژی بەڵا بە دوور دەزانن و تەختی ستەم نزیک دەخەنەوە،
[4] لەسەر قەرەوێڵەی عاج ڕادەکشێن و لەسەر نوێنەکانتان پاڵدەکەون. ئێوە بەرخی ناو ڕان و جوانەگای قەڵەو دەخۆن.
[5] لەگەڵ دەنگی ساز دەنگەدەنگتانە وەک داود ئامێری مۆسیقا بۆ خۆتان دادەهێنن.
[6] بە قەڕابە شەراب دەخۆنەوە و بە باشترین زەیت خۆتان چەور دەکەن، بەڵام بۆ وێرانی نەوەی یوسف خەفەت ناخۆن.
[7] لەبەر ئەوە ئێستا لە یەکەمی ڕاپێچکراوان دەبن و چوونە داوەت و تەوەزەلیتان کۆتایی دێت.
[8] یەزدانی باڵادەست سوێندی بە گیانی خۆی خواردووە، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت: «من قێزم لە شانازی یاقوب دەبێتەوە و ڕقم لە قەڵاکانییەتی، ئینجا شار و هەموو ئەوەی تێیدایە بەدەستەوەی دەدەم.»
[9] وای لێدێت، ئەگەر دە کەس لە خانووێکدا بمێننەوە ئەوانیش دەمرن.
[10] ئەگەر خزمێک هات بۆ دەرهێنانی تەرم لە خانووێک تاوەکو بیسووتێنێت، لە کەسێکی ناو خانووەکە بپرسێت، «ئایا کەسی دیکەت لەگەڵ ماوە؟» وەڵامی دەداتەوە «کەس نەماوە،» دەڵێت: «وسبە، چونکە نابێت ناوی یەزدان بهێنین.»
[11] چونکە یەزدان فەرمان دەدات، لە ماڵی گەورە دەدات و وردوخاشی دەکات، ماڵی بچووکیش پارچەپارچە دەکات.
[12] ئایا ئەسپ لەسەر بەردەڵان ڕادەکات؟ یان کەس لەوێ بە گا کێڵان دەکات؟ بەڵام ئێوە دادپەروەریتان ژەهراوی کرد و بەری ڕاستودروستیشتان کردە زەقنەبووت.
[13] ئێوە بە لۆدەڤار دڵخۆشن، دەڵێن: «ئایا بە توانای خۆمان قەرنایممان وەرنەگرت؟»
[14] چونکە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت: «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئەوەتا نەتەوەیەکتان لێ ڕاست دەکەمەوە، لە دەروازەی حەماتەوە هەتا شیوی عەراڤا تەنگتان پێهەڵچنن.»