Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:00

[1] ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ لەم پەیامە بگرن، ئەم لاوانەوەیە کە من بەسەر ئێوەیدا هەڵدەدەم:

[2] «ئیسرائیلی پاکیزە کەوت، جارێکی دیکە هەڵناستێتەوە، فڕێدرایە سەر خاکەکەی، کوا ئەوەی هەڵیدەستێنێتەوە؟»

[3] سەبارەت بەمەش یەزدانی باڵادەست بەم جۆرە دەفەرموێت: «ئەو شارەی لە ماڵی ئیسرائیل هەزار سەرباز دەنێرێت، سەد سەربازی بۆ دەمێنێتەوە، ئەو شارۆچکەیەی سەد سەرباز دەنێرێت، دە سەربازی بۆ دەمێنێتەوە.»

[4] لەبەر ئەوە یەزدان ئاوا بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەفەرموێت: «بەدوای مندا بگەڕێن و بژین،

[5] بەدوای بێت‌ئێلدا مەگەڕێن و مەچن بۆ گلگال و بۆ بیری شابەع مەپەڕنەوە، چونکە گلگال بە دیل گیراوی ڕاپێچ دەکرێت و بێت‌ئێل دەبێتە نەبوو .»

[6] ڕوو لە یەزدان بکەن و بژین، ئەگینا وەک ئاگر پڕدەداتە بنەماڵەی یوسف، ئاگرەکەش دانیشتووانی بێت‌ئێل دەخوات و کەس ناتوانێت بیکوژێنێتەوە.

[7] ئەی ئەوانەی دادپەروەریتان کردە زەقنەبووت، ڕاستودروستیش بە زەویدا دەدەن!

[8] ئەوەی کەلووەکانی حەوتەوانە و ڕاوچی دروستکردووە، سێبەری مەرگ بۆ بەیان دەگۆڕێت و ڕۆژ وەک شەو تاریک دەکات، ئاوی دەریا بانگ دەکات و بەسەر ڕووی زەویدا دەیڕێژێت، ناوی یەزدانە،

[9] ئەوەی وێرانی بەسەر قەڵادا دەبارێنێت و وێرانی بەسەر شاری قەڵابەنددا دێت.

[10] ئەوان لە دادگا ڕقیان لە سەرزەنشتکار دەبێتەوە و قێزیان لە کەسی ڕاستگۆ دەبێتەوە.

[11] لەبەر ئەوەی ئێوە هەژار پێشێل دەکەن و بەشە گەنمی لێ دەستێنن، ئەوا ئەو کۆشکەی کە لە بەردی داتاشراو بنیاد نراوە، تێیاندا دانانیشن، ئەو ڕەزەمێوە بەردارەی چاندووتانە، لە شەرابەکەی ناخۆنەوە.

[12] چونکە دەزانم یاخیبوونەکانتان زۆرن، گوناهەکانتان گەورەن. ستەمکارانی ڕاستودروست و بەرتیلخۆران، مافی هەژاران لە دادگادا دادەماڵن.

[13] لەبەر ئەوە لەو کاتەدا کەسی وریا بێدەنگ دەبێت، چونکە کاتێکی خراپە.

[14] دوای چاکە بکەون نەک خراپە، بۆ ئەوەی بژین، جا وادەبێت، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار لەگەڵتاندا دەبێت، وەک خۆتان گوتتان.

[15] ڕقتان لە خراپە بێتەوە و حەزتان لە چاکە بێت، دادپەروەری لە دادگادا بچەسپێنن، ڕەنگە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار لەگەڵ پاشماوەی یوسف میهرەبان بێت.

[16] لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، پەروەردگار ئەمە دەفەرموێت: «لە هەموو گۆڕەپانەکاندا شیوەن دەگێڕن و لە هەموو شەقامەکاندا دەڵێن: ”ئای! ئای!“ جوتیارەکان بۆ گریان بانگ دەکەن و ئەوانەی وەستای لاوانەوەشن بۆ شیوەن گێڕان.

[17] لە هەموو ڕەزەمێوەکاندا شیوەن دەبێت، چونکە بەناوەڕاستتدا تێدەپەڕم.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

[18] قوڕبەسەر ئەوانەی تامەزرۆی ڕۆژی یەزدانن! بۆچی تامەزرۆی ڕۆژی یەزدانن؟ ئەو ڕۆژە تاریکییە نەک ڕووناکی.

[19] وەک پیاوێک لەبەردەم شێر هەڵبێت و تووشی ورچێک بێت، یان بێتە ماڵەوە و دەستی لەسەر دیوارەکە دابنێت و مار پێوەی بدات.

[20] ئایا ڕۆژی یەزدان تاریک و بێ ڕووناکی نابێت؟ ئایا ئەنگوستەچاو و بێ تروسکایی نابێت؟

[21] «ڕقم لە جەژنەکانتان دەبێتەوە و ڕەتیان دەکەمەوە، چێژ لە کۆڕەکانتان نابینم.

[22] چونکە ئەگەر قوربانی سووتاندنەکان و پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵەتان پێشکەش بکەن ڕازی نابم، ئاوڕ لە قوربانی هاوبەشی نادەمەوە، لە دابەستەکانتان.

[23] ژاوەژاوی گۆرانییەکانتانم لێ دووربخەنەوە! گوێ لە ئاوازی سازەکانتان ناگرم.

[24] لەبری ئەوە با دادپەروەری وەک زێ بڕوات و ڕاستودروستیش وەک ڕووبارێکی هەمیشەیی.

[25] «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی قوربانی سەربڕاو و پێشکەشکراوتان بۆ هێنام؟

[26] بەڵکو نزرگەی پاشای خۆتان، بنکەی بتەکانتان هەڵگرت، پەیکەرەکانتان بۆ کەیوان ، ئەستێرەی خوداوەندەکەتان، کە بۆ خۆتان دروستتان کرد.»

[27] لەبەر ئەوە یەزدان کە ناوی خودای سوپاسالارە، دەفەرموێت: «من بۆ شوێنێک ڕاپێچتان دەکەم کە لە دیمەشق دوورترە.»

ئامۆس — Chapters