[1] کاتێک بڕیار درا بە دەریادا بۆ ئیتالیا بڕۆین، پۆڵس و هەندێک بەندکراوی دیکە درانە دەست سەرپەلێک لە سوپای ئیمپڕاتۆر ناوی یولیۆس بوو.
[2] سواری کەشتییەکی ئەدرامیتی بووین، کە بەتەمابوو بە چەند شوێنێکی ئاسیادا بڕوات، جا بەڕێکەوتین. ئەریستارخۆسی مەکدۆنیمان لەگەڵ بوو، خەڵکی سالۆنیکییا.
[3] بۆ بەیانی گەیشتینە سەیدا. یولیۆس لەگەڵ پۆڵس باش بوو، ڕێگای دا بچێتە لای برادەرانی تاکو پێویستییەکانی دابین بکەن.
[4] ئینجا لەوێوە بەڕێکەوتین و بە پەنای قوبرسدا ڕۆیشتین، چونکە با پێچەوانە بوو.
[5] کە ئەو دەریایەمان بڕی، ئەوەی لەتەنیشت کیلیکیا و پامفیلیایە، لە میرای لیکیە دابەزین.
[6] لەوێ سەرپەلەکە کەشتییەکی دۆزییەوە ئەسکەندەری بوو دەچووە ئیتالیا، سواری کردین.
[7] کەشتییەکە ماوەیەکی درێژ بە هێواشی دەڕۆیشت و بە زەحمەت لە کنیدۆس نزیک کەوتینەوە، بایەکە نەیهێشت زیاتر بڕۆین، بە پەنای کریتدا و لە بەرامبەر سەرلمۆن ڕۆیشتین.
[8] بە زەحمەت تێپەڕمان کرد و گەیشتینە شوێنێک پێی دەگوترێ بەندەرە باشەکان، کە لە شاری لەسائیە نزیکە.
[9] لەدوای تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر گەشتی دەریایی ترسناک بوو چونکە ڕۆژی کەفارەت بەسەرچووبوو، هەر بۆیە پۆڵس ئاگاداری کردنەوە و
[10] پێی گوتن: «کوڕینە، دەبینم گەشتەکە بە تێکشکان و زیانێکی گەورەوە دەبێت، نەک تەنها بۆ کەشتی و بارەکەی، بەڵکو بۆ ژیانیشمان.»
[11] بەڵام سەرپەلەکە لایەنگری کەشتیوان و خاوەنەکەی دەکرد، نەک قسەی پۆڵس.
[12] لەبەر ئەوەی بەندەرەکە بۆ بەسەربردنی زستان باش نەبوو، بۆیە زۆربەیان بڕیاریان دا ئەوێش بەجێبهێڵن، بە هیوای ئەوەی بگەنە فینکس تاکو زستانی تێدا بەسەرببەن، کە بەندەرێکی کریت بوو ڕووەو باشووری ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژئاوا.
[13] کە شنەبای باشوور هەڵیکرد، وایانزانی بە مرازیان گەیشتن، لەنگەریان بەرزکردەوە و بە نزیک کەناری کریتدا تێدەپەڕین.
[14] بەڵام دوای کەمێک تۆفانێک کە بە «باکووری ڕۆژهەڵات» ناسراوە لەلای دوورگەکەوە هەڵیکرد و
[15] کەشتییەکەی گرتەوە و نەیتوانی ڕووبەڕووی بێتەوە، خۆمان بەدەستەوە دا و تۆفانەکە ئێمەی لەگەڵ خۆی برد.
[16] تۆفانەکە بەرەو ئێمەی پەنای دوورگەیەکی بچووک برد کە ناوی کەودا بوو، بە زەحمەت توانیمان بەلەمی ڕزگاربوون بخەینە ژێر ڕکێفمانەوە.
[17] کاتێک بەلەمەکەیان بەرز کردەوە، گوریسیان بۆ بەستنەوەی کەشتییەکە بەکاردەهێنا. دەترسان بکەونە ناو تەنکاوی سیرتیس، بۆیە لە کەشتییەکەوە لەنگەری دەریایان دابەزاند، بەو شێوەیە تۆفانەکە کەشتییەکەی برد.
[18] بۆ بەیانی ڕەشەباکە توند بوو، دەستیان بە سووککردنی بارەکە کرد.
[19] لە ڕۆژی سێیەم بە دەستی خۆیان کەلوپەلی کەشتییەکەیان فڕێدا.
[20] ماوەیەکی درێژ نە خۆرمان بینی و نە ئەستێرە، ڕەشەباکە بەهێزتر دەبوو، لە کۆتاییدا هەموو هیوایەکی ڕزگاربوونمان بڕا.
[21] کاتێک ماوەیەکی زۆر بوو نانیان نەخواردبوو، پۆڵس لەناوەڕاستیان ڕاوەستا و گوتی: «کوڕینە، دەبووایە گوێتان لە من بگرتایە و کریتتان بەجێ نەهێشتایە، ئەوسا لەم تێکشکان و زیانە دوور دەبوون.
[22] ئێستاش لێتان دەپاڕێمەوە ورە بەرنەدەن، کەستان ژیانی لەدەست نادات، کەشتییەکە نەبێت،
[23] چونکە ئەمشەو فریشتەی ئەو خودایەی من هی ئەوم و دەیپەرستم هاتە لام،
[24] گوتی: ”پۆڵس مەترسە! دەبێت تۆ لەبەردەم قەیسەر ڕاوەستیت و ئەوەتا خودا ژیانی هەموو ئەوانەت دەداتێ کە لەگەڵت گەشت دەکەن.“
[25] کەواتە کوڕینە، ورەبەرز بن، چونکە باوەڕم بە خودا هەیە کە ئاوا دەبێت، وەک ئەوەی پێی فەرمووم.
[26] بەڵام دەبێت بکەوینە سەر دوورگەیەک.»
[27] لە شەوی چواردەیەمیندا کە هێشتا تۆفانەکە لە دەریای ئەدریا کەشتییەکەی لەگەڵ خۆی دەبرد، لە نیوەشەودا کەشتیوانان وایانزانی لە وشکانی نزیک دەبنەوە.
[28] کە پێوایان بینییان بیست باڵایە . کەمێک ڕۆیشتن و پێوایانەوە بینییان پازدە باڵایە.
[29] دەترسان نەوەک بکەونە سەر بەرد، لە پشتەوە چوار لەنگەریان شۆڕکردەوە و دەپاڕانەوە تاکو ڕۆژ هەڵبێت.
[30] کەشتیوانان هەوڵیان دا لە کەشتییەکە هەڵبێن، بەلەمی ڕزگاربوونیان بۆ دەریا شۆڕکردەوە بە بیانووی ئەوەی دەیانەوێ چەند لەنگەرێک لە پێشەوە شۆڕبکەنەوە.
[31] پۆڵس بە سەرپەل و سەربازەکانی گوت: «ئەگەر ئەمانە لە کەشتییەکەدا نەمێننەوە، ناتوانن ڕزگارتان بێت.»
[32] ئەوسا سەربازەکان گوریسی بەلەمی ڕزگاربوونیان بڕی و وازیان لێی هێنا بکەوێت.
[33] کاتێک خەریک بوو ڕۆژ هەڵدەهات، پۆڵس تکای لە هەمووان کرد نان بخۆن، گوتی: «ئەمە ڕۆژی چواردەیەمینە و ئێوە چاوەڕوان و بەردەوامن بێ ئەوەی هیچ بخۆن و هیچ وەربگرن.
[34] بۆیە تکاتان لێ دەکەم نان بخۆن، چونکە ئەمە بۆ ڕزگاربوونتانە. کەستان تاڵێک لە قژی سەری نافەوتێت.»
[35] کە ئەمەی گوت، نانێکی هەڵگرت و لەبەردەم هەمووان سوپاسی خودای کرد، ئینجا لەتی کرد و دەستی بە خواردن کرد.
[36] ئیتر هەموویان ورەیان بەرزبووەوە و نانیان خوارد.
[37] ئەوانەی ناو کەشتییەکە هەموومان دوو سەد و حەفتا و شەش کەس بووین.
[38] کە تێر نانیان خوارد، بە فڕێدانی دانەوێڵەکە بۆ ناو دەریا کەشتییەکەیان سووککرد.
[39] کاتێک ڕۆژبووەوە، کەشتیوانەکان نەیانزانی لە چ شوێنێکدان، بەڵام کەنداوێکیان بینی کەناری هەبوو، دەیانویست ئەگەر بتوانن کەشتییەکە بەرەو ئەوێ ببەن.
[40] ئینجا لەنگەرەکانیان پساند و لە دەریادا بەجێیان هێشتن، لە هەمان کاتدا گوریسی سەوڵەکانی ئاراستەکردنیان شلکرد و بایەوانەکەی پێشەوەیان کردەوە بۆ بایە هەڵکردووەکە، بەرەو کەنارەکە ڕۆیشتن.
[41] بەڵام کەوتە تەنکاو و کەشتییەکەیان بەرەو وشکانی برد، کە پێشەکەی گیربوو و نەجوڵا، لەبەر توندی شەپۆلەکان پشتەوەی تێکدەشکا.
[42] پلانی سەربازەکان ئەوە بوو کە بەندکراوان بکوژن نەوەک کەسیان مەلە بکات و هەڵبێت.
[43] بەڵام سەرپەلەکە دەیویست پۆڵس ڕزگار بکات، پلانەکەی ڕاگرتن، فەرمانی دا ئەوانەی دەتوانن مەلە بکەن با یەکەم جار ئەوان خۆیان فڕێبدەن و بگەنە وشکانی.
[44] ئەوانی دیکەش هەندێکیان بە تەختە و هەندێکیان بە پارچەکانی کەشتییەکە. ئیتر هەموو بە سەلامەتی گەیشتنە وشکانی.