[1] بەڕێز ساوفیلۆس، لە پەڕتووکی یەکەممدا دەربارەی هەموو ئەوەی کە عیسا دەستی کرد بە ئەنجامدان و فێرکردنی نووسیومە،
[2] هەتا ئەو ڕۆژەی تێیدا بەرزکرایەوە، دوای ئەوەی لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆز ئەو نێردراوانەی ڕاسپارد کە هەڵیبژاردن.
[3] دوای ئازار چێژتنی بە چەندین بەڵگە بە زیندوویی خۆی پیشاندان، لە ماوەی چل ڕۆژدا بۆیان دەرکەوت و سەبارەت بە شانشینی خودا بۆیان دوا.
[4] کاتێک پێکەوە نانیان دەخوارد، ڕایسپاردن: «ئۆرشەلیم بەجێمەهێڵن، بەڵکو چاوەڕێی بەڵێنەکەی باوک بکەن کە لە منەوە بیستتان.
[5] یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا، بەڵام ئێوە پاش چەند ڕۆژێکی کەم لە ڕۆحی پیرۆز هەڵدەکێشرێن .»
[6] ئەوانەی پێکەوە کۆببوونەوە لێیان پرسی: «ئەی خاوەن شکۆ، لەم کاتەدا پاشایەتی بۆ ئیسرائیل دەگەڕێنیتەوە؟»
[7] وەڵامی دانەوە: «بۆتان نییە ئەو کات و سەردەمانە بزانن کە باوک بە دەسەڵاتی خۆی دایناون.
[8] بەڵام کاتێک ڕۆحی پیرۆزتان دێتە سەر، هێز وەردەگرن و بۆ من دەبنە شایەت، لە ئۆرشەلیم و هەموو یەهودیا و سامیرە، تاکو ئەوپەڕی زەوی.»
[9] ئەمەی فەرموو و ئەوانیش تەماشایان دەکرد، بەرزکرایەوە، هەورێک لەبەرچاویان شاردییەوە.
[10] کاتێک ئەو دەڕۆیشت، ئەوان سەرنجیان لە ئاسماندا بوو، ئەوە بوو دوو پیاو بە جلی سپییەوە لەلایانەوە ڕاوەستاون.
[11] پێیان گوتن: «جەلیلییەکان، بۆچی ڕاوەستاون سەیری ئاسمان دەکەن؟ ئەم عیسایە، کە لەنێوتاندا بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە، چۆن بینیتان دەچووە ئاسمان، ئاواش دێتەوە.»
[12] ئینجا لەو کێوەی پێی دەگوترا زەیتوون گەڕانەوە ئۆرشەلیم کە بەقەد ڕۆیشتنێکی شەممە لە ئۆرشەلیم نزیک بوو.
[13] کاتێک چوونە ژوورەوە، چوونە ژوورەکەی سەرەوە کە تێیدا دەمانەوە، پەترۆس و یۆحەنا و یاقوب، ئەندراوس و فیلیپۆس و تۆماس، بەرتۆلماوس و مەتا و یاقوبی کوڕی حەلفا، شیمۆنی دڵگەرم و یەهوزای برای یاقوب.
[14] هەموو بە یەک دڵ بەردەوام بوون لەسەر نوێژکردن، لەگەڵ ژنەکان و مریەمی دایکی عیسا و براکانی.
[15] ڕۆژێکیان پەترۆس لەنێوان نزیکەی سەد و بیست باوەڕداران دابوو، هەستا و گوتی:
[16] «خوشک و برایان، دەبووایە نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی، پێشتر لەبارەی یەهوزاوە ڕۆحی پیرۆز لەسەر زمانی داود فەرموویەتی، کە بوو بە ڕێبەر بۆ ئەوانەی عیسایان گرت.
[17] لە ئێمە دەژمێردرا و لەم خزمەتەدا بەشی هەبوو.»
[18] بە پاداشتی ناپاکی کێڵگەیەکی دەستکەوت، بەڵام بەدەمدا کەوت و لەناوەڕاستەوە شەقبوو، هەموو هەناوی هاتە دەرەوە.
[19] هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم بەمەیان زانی، لەبەر ئەوە لە زمانی خۆیان ئەو کێڵگەیان ناونا، حەقل دەمخ، واتە: کێڵگەی خوێن.
[20] ئەوە بوو پەترۆس درێژەی پێدا: «لە پەڕتووکی زەبووردا نووسراوە: «[با ماڵەکەی چۆڵ بێت، کەس نەبێت تێیدا نیشتەجێ بێت!] هەروەها: [با یەکێکی دیکە ئەرکەکەی ئەو وەربگرێت.]
[21] کەواتە پێویستە ئەو پیاوانەی یاوەرمان بوون، بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە عیسای خاوەن شکۆ لەگەڵمان دەژیا،
[22] لە لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیاوە تاکو ئەو ڕۆژەی لێمان بەرزکرایەوە، یەکێک لەوان لەگەڵمان ببێتە شایەتی هەستانەوەکەی.»
[23] جا دووانیان هێنایە پێشەوە: یوسف کە بە بارساباس ناودەبردرا و نازناوی یوستۆس بوو، لەگەڵ مەتیاس.
[24] نوێژیان کرد: «ئەی یەزدان، تۆ بە دڵی هەمووان دەزانیت، بۆمان دەربخە لەم دووانە کامەیانت هەڵبژاردووە،
[25] تاکو شوێنی ئەو خزمەت و نێردراویێتییە بگرێتەوە، کە یەهوزا لێی لادا، تاکو بچێتە شوێنی خۆی.»
[26] ئینجا تیروپشکیان بۆ کردن و تیروپشکەکە مەتیاسی گرتەوە، لەگەڵ یازدە نێردراوەکە ژمێردرا.