[1] ئیتر یەهۆشافات لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، لە شاری داود لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا. یەهۆرامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
[2] یەهۆرامی کوڕی یەهۆشافات چەند برایەکی هەبوو، عەزەریا، یەحیێل، زەکەریا، عەزرەیاهو، میکائیل و شەفەتیا، هەموو ئەمانە کوڕی یەهۆشافاتی پاشای ئیسرائیل بوون.
[3] باوکیان لە زێڕ و زیو و شتی گرانبەها زۆری پێدابوون، لەگەڵ شارە قەڵابەندەکان لە یەهودا، بەڵام پاشایەتییەکەی بە یەهۆرام دا، چونکە نۆبەرە بوو.
[4] کاتێک یەهۆرام جڵەوی پاشایەتییەکەی باوکی گرتە دەست و بەهێز بوو، هەموو براکانی و هەندێک لە میرەکانی ئیسرائیلی بە شمشێر کوشت.
[5] یەهۆرام تەمەنی سی و دوو ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا، هەشت ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد و
[6] هەمان ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیل و بنەماڵەی ئەحاڤی گرتەبەر، چونکە کچەکەی ئەحاڤ ژنی بوو، لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد.
[7] لەگەڵ ئەوەش یەزدان نەیویست بنەماڵەی داود لەناوببات، لەبەر ئەو پەیمانەی لەگەڵ داود بەستبووی، هەروەک پێی فەرموو بۆ هەتاهەتایە چرایەک دەداتە خۆی و نەوەکانی.
[8] لە سەردەمی پاشایەتی یەهۆرام، ئەدۆم لە یەهودا یاخی بوو، پاشایەکیان بۆ خۆیان دانا.
[9] ئیتر یەهۆرام لەگەڵ سەرکردەکانی و هەموو گالیسکەکانی پەڕییەوە. لەوێ ئەدۆمییەکان ئابڵوقەیان دان، بەڵام شەو خۆی و سەرکردەی گالیسکەکانی هەستان و ئابڵوقەکەیان شکاند و دەرباز بوون.
[10] هەتا ئێستاش ئەدۆم لە یەهودا یاخییە. هەر لەو کاتەدا لیڤناش یاخی بوو، چونکە یەهۆرام وازی لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆی هێنابوو.
[11] هەروەها ئەو نزرگەکانی سەر بەرزایی لە چیاکانی یەهودا دروستکرد و وای لە دانیشتووانی ئۆرشەلیم کرد داوێنپیسی بکەن و یەهودای گومڕا کرد.
[12] یەهۆرام نامەیەکی لەلایەن ئەلیاس پێغەمبەرەوە وەرگرت کە تێیدا نووسرابوو: m «یەزدانی پەروەردگاری داودی باوکت ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی تۆ ڕێچکەی یەهۆشافاتی باوکت و ئاسای پاشای یەهودات نەگرتەبەر،
[13] بەڵکو ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیلت گرتەبەر و وات لە یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم کرد وەک ماڵی ئەحاڤ داوێنپیسی بکەن، هەروەها براکانی خۆتت کوشت، ئەوانەی ماڵی باوکت کە لە تۆ باشتر بوون.
[14] ئەوەتا یەزدان گورزێکی جەرگ بڕ لە گەلەکەت، کوڕەکانت، ژنەکانت و هەموو ئەوەی هەتە دەوەشێنێت،
[15] خۆشت تووشی نەخۆشییەکی ڕیخۆڵە دەبیت کە سەخت و درێژخایەن دەبێت، هەتا ڕیخۆڵەکانت لە لەشت دێنە دەرەوە.“»
[16] ئینجا یەزدان ڕۆحی فەلەستییەکان و عەرەبەکانی لای کوشییەکانی لە یەهۆرام وروژاند و
[17] پەلاماری یەهودایان دا و داگیریان کرد و هەرچی لە کۆشکی پاشادا هەبوو لەگەڵ کوڕەکانی و ژنەکانیدا بردیان و هیچی بۆ نەمایەوە جگە لە ئەحەزیای کوڕە بچکۆلەی.
[18] پاش هەموو ئەمانەش یەزدان یەهۆرامی تووشی نەخۆشی ڕیخۆڵە کرد و چارەسەریشی نەبوو.
[19] نەخۆشییەکە بۆ ماوەیەک بەردەوام بوو هەتا لەدوای دوو ساڵ ڕیخۆڵەکانی هاتنە دەرەوە و بە ئازاری زۆرەوە مرد، گەلەکەشی ئاگرێکی وەک ئاگری باوباپیرانیان بۆ نەکردەوە.
[20] یەهۆرام لە تەمەنی سی و دوو ساڵیدا بوو بە پاشا و هەشت ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد و کە ڕۆیشت کەس بۆی بە داخ نەبوو و لە شاری داود ناشتیان، نەک لە گۆڕستانی پاشاکاندا.