[1] کاتێک ڕەحەڤەعام گەیشتە ئۆرشەلیم، بنەماڵەی یەهودا و بنیامینی کۆکردەوە، سەد و هەشتا هەزار جەنگاوەری هەڵبژارد، هەتا لە دژی ئیسرائیل بجەنگن و پاشایەتییەکە بۆ ڕەحەڤەعام بگەڕێننەوە.
[2] بەڵام پەیامی یەزدان بۆ شەمەعیای پیاوی خودا هات:
[3] «بە ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان، پاشای یەهودا و بە هەموو نەوەی ئیسرائیل لە یەهودا و بنیامین بڵێ،
[4] ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: مەچن و لە دژی براکانتان مەجەنگن. هەریەکە و بۆ ماڵەکەی خۆی بگەڕێتەوە، چونکە ئەمە لەلایەن منەوەیە.“» ئەوانیش گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان بوون و هێرشیان نەکردە سەر یارۆڤعام و کشانەوە.
[5] ڕەحەڤەعام لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوو و لە یەهودا چەند شارێکی قەڵابەندی بنیاد نایەوە،
[6] وەک بێتلەحم، عێتام، تەقۆعە،
[7] بێتچوور، سۆخۆ، عەدولام،
[8] گەت، مارێشا، زیف،
[9] ئەدۆرەیم، لاخیش، عەزێقا،
[10] چۆرعا، ئەیالۆن و حەبرۆن. ئەم شارە قەڵابەندانە لەناو خاکی یەهودا و بنیامین بوون.
[11] جا قەڵاکانی بەهێز کرد و فەرماندەکان و ئەمبارەکانی خواردن و زەیت و شەرابی تێیاندا دانا.
[12] لە هەموو شارێکیش قەڵغان و ڕمی دانا و زۆر بەهێزی کردن، یەهودا و بنیامینی لەژێر دەسەڵاتی خۆی هێشتەوە.
[13] کاهین و لێڤییەکانیش لە هەموو سنوورەکانی خۆیانەوە لە سەرتاسەری ئیسرائیلدا هاتن و لایەنگری ئەمیان کرد.
[14] هەروەها لێڤییەکان لەوەڕگاکانیان و موڵکەکانیان بەجێهێشت و چوون بۆ یەهودا و بۆ ئۆرشەلیم، لەبەر ئەوەی یارۆڤعام و کوڕەکانی ڕەتیان کردنەوە کە کاهینیێتی بۆ یەزدان بکەن.
[15] جا یارۆڤعام بۆ خۆی چەند کاهینێکی دانا بۆ نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان و بۆ ئەو بتانەی کە لە شێوەی تەگە و گوێرەکە دروستی کردن.
[16] ئەوانەی لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل کە بە هەموو دڵ ڕوویان لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەکرد، دوای لێڤییەکان کەوتن و چوونە ئۆرشەلیم هەتا قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان بکەن.
[17] جا پاشایەتییەکەی یەهودایان بەهێز کرد و سێ ساڵ پاڵپشتی ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمانیان کرد، چونکە سێ ساڵ ڕێگای داود و سلێمانیان گرتەبەر.
[18] ڕەحەڤەعام ماحەلەتی کچی یەریمۆتی کوڕی داودی هێنا، کە دایکی ئەبیهەیلی کچی ئەلیابی کوڕی یەسا بوو.
[19] ماحەلەتیش ئەم کوڕانەی بۆ خستەوە: یەعوش، شەمەریاهو و زەهەم.
[20] پاشان ڕەحەڤەعام مەعکای کچی ئەبشالۆمی هێنا، ئەویش ئەبیا و عەتەی و زیزا و شەلۆمیتی بۆ خستەوە.
[21] ڕەحەڤەعام مەعکای کچی ئەبشالۆمی لە هەموو ژن و کەنیزەکانی دیکەی خۆی زیاتر خۆشدەویست، چونکە هەژدە ژن و شەست کەنیزەی هەبوو، بیست و هەشت کوڕ و شەست کچیشی بوو.
[22] ڕەحەڤەعام ئەبیای کوڕی کە لە مەعکای بوو، لەنێو براکانی کرد بە میر هەتا لە جێی خۆی بیکات بە پاشا.
[23] جا ڕەحڤەعام بە داناییەوە کوڕەکانی بەناو هەموو ناوچەکانی یەهودا و بنیامیندا لە هەموو شارە قەڵابەندەکان بڵاو کردەوە و خواردنی زۆری پێدان و ژنی زۆریشی بۆ هێنان.