Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:12

[1] لە پۆڵسەوە، بەندەی خودا و نێردراوی عیسای مەسیح، لە پێناوی گەشەکردنی باوەڕی ئەوانەی خودا هەڵیبژاردوون بۆ ناسینی ئەو ڕاستییەی کە بەرەو لەخواترسییان دەبات،

[2] بە هیوای ئەو ژیانە هەتاهەتاییەی کە خودا، ئەوەی هەرگیز درۆ ناکات، لەپێش دەستپێکی زەمان بەڵێنی داوە.

[3] لە کاتی خۆیدا وشەکەی بە ڕاگەیاندن دەرخست، ئەوەی بەگوێرەی فەرمانی خودای ڕزگارکەرمان بە من سپێردرا.

[4] بۆ تیتۆسی کوڕی ڕاستەقینەم بەگوێرەی باوەڕی هاوبەشمان: با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمانەوە لەگەڵت بێت.

[5] لەبەر ئەمە تۆم لە دوورگەی کریت بەجێهێشت، تاکو ئەو شتانەی ماونەتەوە ڕێکیان بخەیت و لە هەموو شارێکدا پیران دابنێیت، وەک ڕامسپاردوویت،

[6] پیر دەبێت گلەیی لەسەر نەبێت، مێردی یەک ژن بێت، منداڵەکانی باوەڕدار بن و کەس لەسەر بەڕەڵایی و یاخیبوون سکاڵایان لێ نەکات.

[7] لەبەر ئەوەی چاودێر سەرکاری خودایە، پێویستە گلەیی لەسەر نەبێت، خۆسەپێن و تووڕە و سەرخۆش و شەڕفرۆش نەبێت، چاوی لە دەستکەوتی ناڕەوا نەبێت،

[8] بەڵکو میوان دۆست بێت، حەز لە چاکە بکات، ژیر بێت، ڕاستودروست و پیرۆز و خۆڕاگر بێت.

[9] دەست بە پەیامی متمانەوە بگرێت کە بەگوێرەی فێرکردنە، تاکو بتوانێت بە فێرکردنی دروست خەڵک هانبدات، سەرزەنشتی بەرهەڵستکاران بکات.

[10] لەبەر ئەمەیە کە وا دەڵێم چونکە خەڵکی یاخی زۆرن، فێڵبازن و قسەی پووچ دەکەن، بە تایبەتی لەو تاقمەی کە دەڵێن دەبێ باوەڕدار خەتەنە بکرێت.

[11] دەبێت دەمی ئەمانە دابخرێت، چونکە بۆ دەستکەوتی ناڕەوا، بە فێرکردنە ناپەسەندەکانیان تەواوی خێزانەکان هەڵدەگەڕێننەوە.

[12] یەکێک لە پێغەمبەرانی دوورگەی کریت گوتوویەتی: «کریتییەکان هەمیشە درۆ دەکەن، دەعبای بەدکارن، نەوسنی تەمبەڵن.»

[13] ئەم شایەتییە ڕاستە. لەبەر ئەوە بە توندی سەرزەنشتیان بکە، تاکو لە باوەڕدا دروست بن و

[14] سەرنج مەدەنە ئەفسانەی جولەکە و ڕاسپاردەی ئەو کەسانەی کە لە ڕاستی هەڵدەگەڕێنەوە.

[15] بۆ پاک هەموو شتێک پاکە، بەڵام بۆ گڵاو و بێباوەڕان هیچ شتێک پاک نییە. لەڕاستیدا، بیر و ویژدانیشیان گڵاو بووە.

[16] بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خودا دەناسن بەڵام بە کردەوە نکۆڵی لێ دەکەن. ئەوانە قێزەونن، گوێڕایەڵ نین، بەکەڵکی هیچ چاکەکارییەک نایەن.

نامەی پۆڵس بۆ تیتۆس — Chapters