Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:00

[1] لەلای دەستە ڕاستی دانیشتووی سەر تەختەکەوە تۆمارێکم بینی لە هەردوو ڕووی نووسرا بوو، بە حەوت مۆریش مۆر کرابوو.

[2] هەروەها فریشتەیەکی بەهێزم بینی بە دەنگێکی بەرز هاواری دەکرد: «کێ شایستەی ئەوەیە تۆمارەکە بکاتەوە و مۆرەکانی بشکێنێت؟»

[3] کەس نەبوو، نە لە ئاسمان و نە لەسەر زەوی و نە لەژێر زەوی بتوانێت تۆمارەکە بکاتەوە یاخود تەماشای بکات.

[4] دەستم بە گریانێکی زۆر کرد، چونکە کەس شایستەی ئەوە نەبوو تۆمارەکە بکاتەوە یان تەماشای ناوەوەی بکات.

[5] یەکێک لە پیرەکان پێی گوتم: «مەگریێ، ئەوەتا ئەو شێرەی لە هۆزی یەهودایە و لە ڕەگی داودە سەرکەوتنی بەدەستهێنا، تۆمارەکە دەکاتەوە و حەوت مۆرەکەی دەشکێنێت.»

[6] ئینجا لەناوەڕاستی تەختەکە بەرخێکم بینی وەستا بوو وەک سەربڕدرابێت وابوو، چوار بوونەوەرەکە و پیرەکانیش بەدەوریدا بوون. بەرخەکە حەوت شاخ و حەوت چاوی هەبوو، کە حەوت ڕۆحەکەی خودان بۆ هەموو زەوی نێردراون.

[7] هات و تۆمارەکەی لە دەستی ڕاستی دانیشتووی سەر تەختەکە وەرگرت.

[8] کاتێک تۆمارەکەی وەرگرت، چوار بوونەوەرەکە و بیست و چوار پیرەکە کەوتنە بەردەم بەرخەکە، هەریەکەیان قیسارە و جامی زێڕینی پڕ بخووریان پێبوو، ئەوەش نوێژەکانی گەلی پیرۆزی خودایە،

[9] سروودێکی نوێشیان دەگوت: «تۆ شایستەی ئەوەی تۆمارەکە ببەیت و مۆرەکانی بکەیتەوە، چونکە تۆ سەربڕایت و بە خوێنی خۆت خەڵکت بۆ خودا کڕییەوە، لە هەموو خێڵ و زمان و گەل و نەتەوەیەک.

[10] ئەوانیشت کردە شانشین و کاهین بۆ خودامان و فەرمانڕەوایەتی زەوی دەکەن.»

[11] ئینجا تەماشام کرد و گوێم لە دەنگی فریشتەیەکی زۆر بوو لە دەوری تەختەکە و بوونەوەرەکان و پیرەکان، ژمارەیان هەزاران هەزار و دەیان هەزار دە هەزار دەبوو،

[12] بە دەنگێکی بەرز دەیانگوت: «بەرخە سەربڕدراوەکە شایستەی وەرگرتنی توانا و دەوڵەمەندی و دانایی و هێز و ڕێز و شکۆ و ستایشە!»

[13] هەموو بوونەوەرێکی ئاسمان و زەوی و ژێر زەوی و ناو دەریاش، هەموو ئەوانەی لەوێدا بوون، بیستم دەیانگوت: «با ستایش و ڕێز و شکۆ و توانا، بۆ دانیشتووی سەر تەختەکە و بەرخەکە بێت، هەتاهەتایە!»

[14] چوار بوونەوەرەکەش دەیانگوت: «ئامین»، پیرەکانیش کەوتن و کڕنۆشیان برد.

ئاشکراکردنی عیسای مەسیح — Chapters