Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:16

[1] لە پۆڵس و تیمۆساوسی بەندەکانی عیسای مەسیحەوە، بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خودا لە شاری فیلیپی کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن، لەگەڵ چاودێران و خزمەتکاران:

[2] با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.

[3] سوپاسی خودا دەکەم هەر کاتێک یادتان بکەم،

[4] هەمیشە لە هەموو پاڕانەوەکانم بە خۆشییەوە بۆ هەمووتان داوا دەکەم،

[5] چونکە لە یەکەم ڕۆژەوە هەتا ئێستا بەشداریتان لە خزمەتی ئینجیلدا کردووە.

[6] لەمەشدا دڵنیام، خودا کە لە ئێوەدا ئەم ئیشە چاکەی دەستپێکردووە، هەتا ڕۆژی عیسای مەسیح تەواوی دەکات.

[7] کەواتە ئەمە ڕاستە سەبارەت بە هەمووتان ئەم هەستەم هەبێت، چونکە ئێوە لە دڵی مندان. ئەگەر بە کۆت و زنجیرەوە بم، یاخود لە کاتێکدا بەرگری لە پەیامی ئینجیل و چەسپاندنی دەکەم، هەمووتان لە نیعمەت لەگەڵم بەشدارن.

[8] خودا شایەتمە چەندە بە پەرۆشم بۆ هەمووتان بە سۆزی عیسای مەسیح.

[9] لە خودا دەپاڕێمەوە کە خۆشەویستیتان بە زانیاری و ئەوپەڕی تێگەیشتنەوە زیاتر و زیاتر بکات،

[10] تاکو باشترین شت جیا بکەنەوە، بۆ ئەوەی لە ڕۆژی مەسیح پاک و بێ گلەیی بن،

[11] تاکو پڕببن لە بەرهەمی ڕاستودروستی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بۆ شکۆ و ستایشی خودا.

[12] خوشکان، برایان، ئێستا دەمەوێ بزانن ئەوەی بەسەرم هات پەیامی ئینجیلی زیاتر بەرەو پێش برد،

[13] تەنانەت هەموو پاسەوانانی کۆشکی ئیمپڕاتۆر و هەموو لایەک بۆیان دەرکەوت کە من لە پێناوی مەسیحدا کۆت و بەند کراوم.

[14] مەسیحی باڵادەست بەهۆی کۆت و بەندی منەوە وای لە زۆربەی خوشک و برایان کردووە پشت بە ئەو ببەستن، تاکو بتوانن بوێرانەتر و بە چاونەترسییەوە پەیامەکەی ڕابگەیەنن.

[15] بێگومان هەندێک لەبەر ئیرەیی و ناکۆکی مزگێنی مەسیح ڕادەگەیەنن، بەڵام هەندێکی دیکە بە خواستێکی باش.

[16] ئەوانەی لەبەر خۆشەویستی مزگێنی دەدەن، دەزانن لەبەر بەرگریکردنم لە پەیامی ئینجیل خراومەتە زیندان.

[17] ئەوانەی دیکە کە لە خۆپەرستییەوە مەسیح ڕادەگەیەنن، دڵسۆز نین، مەزەندە دەکەن بە کۆت و زنجیرەکەم حاڵم ناخۆشتر دەکەن.

[18] ئیتر چی؟ بەهەرحاڵ، بە ڕواڵەت بێت یان بە ڕاستی بێت، مەسیح ڕادەگەیەنرێت، بەمەش دڵشادم. بەڵێ، زیاتریش دڵشاد دەبم،

[19] چونکە دەزانم لە ڕێگەی پاڕانەوەکانتان و پشتگیری ڕۆحی عیسای مەسیح ئەمە دەبێتە هۆی ئازادکردنم .

[20] بە پەرۆشەوە چاوەڕوانم و ئومێدەوارم کە لە هیچ شتێکدا شەرمەزار نەبم، بەڵام ورەبەرز دەبم بۆ ئەوەی ئێستاش وەکو هەمیشە مەسیح لە جەستەمدا پایەدار بێت، ئەگەر بە ژیان بێت یان بە مردن،

[21] چونکە بۆ من ژیان مەسیحە، مردنیش قازانج.

[22] بەڵام ئەگەر ژیانم لە جەستە بەردەوام بێت، خەریکی خزمەتێک دەبم کە بەرهەمی هەبێت. چی هەڵبژێرم؟ نازانم!

[23] لە دوو لاوە فشارم لەسەرە، حەز دەکەم ئەم ژیانە بەجێبهێڵم و لەگەڵ مەسیح بژیم، ئەمەش زۆر باشترە،

[24] بەڵام مانەوەم بە جەستە بۆ ئێوە پێویستترە.

[25] لەمە دڵنیام، دەزانم لە ژیاندا دەمێنم و لەگەڵ هەمووتان بەردەوام دەبم، بۆ بەرەوپێشچوون و خۆشیتان لە باوەڕ،

[26] تاکو بەهۆی هاتنەوەی من بۆ لاتان شانازیتان بە عیسای مەسیح لە ڕێگەی منەوە زیاد بکات.

[27] تەنها بە شێوەیەک بژین کە شایستەی پەیامی ئینجیلی مەسیح بێت، تاکو کاتێک بێم و بتانبینم یان لەلاتان نەبم و هەواڵتان ببیستم، کە لە یەک ڕۆحدا چەسپاون و بە یەک دڵ تێدەکۆشن لە پێناوی ئەو باوەڕەی کە لەسەر بناغەی پەیامی ئینجیلە،

[28] لە هیچ شتێکی ڕکابەرەکانتان ناترسن. ئەمە بەڵگەیە بۆ لەناوچوونیان، بەڵام ڕزگارییە بۆ ئێوە، ئەمەش لە خوداوەیە،

[29] چونکە خودا لەبەر مەسیح تەنها باوەڕهێنان بە ئەوی پێ نەبەخشیون، بەڵکو ئازار چێژتنیش لە پێناوی ئەو،

[30] لەبەر ئەوەی هەمان تێکۆشانتان هەیە، ئەوەی لە منتان بینیوە و ئێستا لە منی دەبیستن.

نامەی پۆڵس بۆ باوەڕدارانی فیلیپی — Chapters