[1] بینینەکەی عۆبەدیا. یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە ئەدۆم ئەمە دەفەرموێت، هەواڵێکمان لەلایەن یەزدانەوە بیست، نێردراوێک بۆ نەتەوەکان نێردراوە تاکو پێیان بڵێت: «هەستن! هەستن بۆ جەنگ.»
[2] «ئێستا لەنێو گەلاندا بچووکت دەکەمەوە، تۆ زۆر ڕیسوا دەبیت.
[3] فیزی دڵت هەڵیخەڵەتاندی، ئەی نیشتەجێی نێو کەلێنی تاشەبەرد ، ئەوەی نشینگەکەت لە بەرزاییدایە، ئەوەی لە دڵی خۆتدا دەڵێیت: ”کێ دامدەگرێتە سەر زەوی؟“
[4] ئەگەر وەک هەڵۆ بەرز بیتەوە و ئەگەر هێلانەت لەناو ئەستێرەکان دابنێیت، لەوێوە دەتهێنمە خوارەوە.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[5] «ئەگەر دز یان چەتەی شەوانت بۆ بێت، ئایا تەنها ئەوەی پێویستیان بێت نایدزن؟ ئەگەر ڕەزبڕت بۆ بێت ئایا هەندێک ترێ بەجێناهێڵن؟ ئای چۆن بە تەواوی بڕایتەوە!
[6] ئای عیسۆ چۆن دەپشکێنرێت! گەنجینە شاردراوەکانی تاڵان دەکرێن!
[7] هەموو هاوپەیمانەکانت هەتا سنوور ڕاویان نای، هەڵیانخەڵەتاندی و بەسەرتدا زاڵبوون، ئەوانەی نمەکی تۆیان کردبوو داوت بۆ دەنێنەوە، بەڵام تۆ تێناگەیت.»
[8] یەزدان دەفەرموێت: «ئایا لەو ڕۆژەدا، دانایان لە ئەدۆم لەناو نابەم، تێگەیشتووانیش لە چیای عیسۆ؟
[9] ئەی تێمان، پاڵەوانەکانت دەتۆقن، هەموو ئەوانەی لە چیای عیسۆن بە کوشتن لەناودەچن.
[10] لەبەر ستەمی تۆ لە یاقوبی برات، ڕیسوایی داتدەپۆشێت، بۆ هەتاهەتایە لەناودەچیت.
[11] ئەو ڕۆژەی تەماشات دەکرد کاتێک بیانییەکان سامانەکەیان داگیر کرد و نامۆکان هاتنە ناو دەروازەکانی و لەسەر ئۆرشەلیم تیروپشکیان کرد، هەروەها تۆش وەک یەکێک بووی لەوان.
[12] بەڵام نابێت بە ڕۆژی کارەساتی براکەت دڵخۆش بیت، یان لە ڕۆژی لەناوچوونی نەوەی یەهودا شادمان بیت، یان لە ڕۆژی تەنگانەیاندا شانازی بکەیت.
[13] نابێت بچیتە ناو دەروازەی گەلەکەم لە ڕۆژی کارەساتیان، یان بە ناخۆشییەکەیان دڵخۆش بیت لە ڕۆژی کارەساتیان، یان دەستت بۆ سامانەکەیان درێژ بکەیت لە ڕۆژی کارەساتیان.
[14] نابێت لەسەر دووڕیانەکان بوەستیت بۆ کوشتنی دەربازبووەکانیان، نابێت هەڵاتووەکانیان ڕادەست بکەیت لە ڕۆژی تەنگانەیاندا.
[15] «ڕۆژی یەزدان بۆ هەموو گەلان نزیکە. هەروەک ئەوەی کردت ئاوات پێ دەکرێتەوە، کردەوەکانت بەسەر خۆت دێتەوە.
[16] هەروەک لەسەر کێوی پیرۆزم خواردتانەوە، هەموو گەلان بەردەوام جامی سزا دەخۆنەوە؛ دەخۆنەوە و دەخۆنەوە و وەک ئەوەیان لێدێت کە هەرگیز نەبووبن.
[17] بەڵام دەربازبوون لەسەر کێوی سییۆن دەبێت، پیرۆز دەبێت، بنەماڵەی یاقوبیش بەشە میراتی خۆیان وەردەگرن.
[18] بنەماڵەی یاقوب دەبێتە ئاگر و بنەماڵەی یوسف دەبێتە گڕ؛ بنەماڵەی عیسۆش دەبێتە پووش، جا گڕیان تێبەردەدەن و دەیانخۆن. بنەماڵەی عیسۆ کەسیان لێ دەرباز نابێت.» q4 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.
[19] خەڵکی نەقەب چیای عیسۆ داگیر دەکەن، خەڵکی زوورگەکانیش خاکی فەلەستییەکان. دەبنە خاوەنی کێڵگەکانی ئەفرایم و سامیرە، بنیامینیش دەبێتە خاوەنی گلعاد.
[20] ئەو کۆمەڵەی ڕاپێچکراوانی ئیسرائیل کە لە کەنعانن هەتا سەرەفەند دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؛ ڕاپێچکراوانی ئۆرشەلیمیش کە لە سفارەدن دەست بەسەر شارۆچکەکانی نەقەبدا دەگرن.
[21] ڕزگارکەرانی خاکەکەش سەردەکەونە سەر کێوی سییۆن بۆ فەرمانڕەوایەتی لەسەر چیای عیسۆ. پاشایەتیش بۆ یەزدان دەبێت.