[1] ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بە سروش بۆ ئیسرائیل لەسەر زاری مەلاخی :
[2] یەزدان دەفەرموێت: «خۆشمویستن.» «بەڵام ئێوە لێم دەپرسن: ”بە چی خۆشتویستین؟“» یەزدان دەفەرموێت: «ئایا عیسۆ برای یاقوب نەبوو؟ لەگەڵ ئەوەشدا، یاقوبم خۆشویست،
[3] بەڵام ڕقم لە عیسۆ بووەوە ، چیاکانی ئەوم وێران کرد و میراتەکەیم دایە چەقەڵی چۆڵەوانی.»
[4] ئەگەر ئەدۆم بڵێت: «وردوخاش کراین، بەڵام دەگەڕێینەوە و کاولەکەمان بنیاد دەنێینەوە.» بەڵام یەزدانی سوپاسالار وا دەفەرموێت: «ئەوان بنیاد دەنێن و منیش دادەڕمێنم. ناویان دەنێن ”خاکە خراپەکارەکە“، ئەو گەلەی کە هەتاهەتایە یەزدان لێی تووڕەیە.
[5] بە چاوی خۆتان دەبینن و دەڵێن: ”یەزدان مەزنە، تەنانەت لەو دیوی سنووری ئیسرائیلیشەوە!“»
[6] یەزدانی سوپاسالار بە ئێوە دەفەرموێت: «کوڕ ڕێزی باوکی دەگرێت و خزمەتکاریش ڕێزی گەورەکەی. ئەگەر من باوکم، کوا ڕێز لێگرتنم؟ ئەگەر گەورەشم، کوا ترستان لە من؟» «ئەی کاهینان، ئێوە گاڵتە بە ناوەکەم دەکەن.» «بەڵام لێم دەپرسن: ”چۆن گاڵتەمان بە ناوی تۆ کردووە؟“
[7] «بە پێشکەشکردنی نانی گڵاو لەسەر قوربانگاکەم. «بەڵام ئێوە لێم دەپرسن: ”چۆن گڵاومان کردوویت؟“ «بەوەی کە دەڵێن، خوانی یەزدان مایەی گاڵتە پێکردنە.
[8] کاتێک ئاژەڵی کوێر وەک قوربانی پێشکەشی دەکەن، ئایا ئەمە بەدکاری نییە؟ کاتێک ئاژەڵی شەل و نەخۆش پێشکەش دەکەن، ئایا ئەمە بەدکاری نییە؟ ئێستاش پێشکەشی بکەن بە فەرمانڕەواکەتان، ئایا لێتان ڕازی دەبێت؟ ئایا سەربەرزتان دەکات؟» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
[9] «ئێستاش لە یەزدان بپاڕێنەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵمان میهرەبان بێت. بە قوربانی وەک ئەمانە، ئایا لێتان ڕازی دەبێت؟» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
[10] یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «خۆزگە کەسێک لەنێو ئێوەدا دەروازەکانی پەرستگا دابخات، تاکو لەخۆڕا ئاگر لەسەر قوربانگاکەم نەکەنەوە! پێتان دڵخۆش نیم. لە قوربانی دەستتان ڕازی نیم.
[11] لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا، لەنێو نەتەوەکان ناوم مەزن دەبێت. لە هەموو شوێنێک بخوور دەسووتێنن و قوربانی بێگەرد بۆ من پێشکەش دەکەن، چونکە لەنێو نەتەوەکان ناوم مەزن دەبێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
[12] «بەڵام ئەی کاهینان، ئێوە ناوی من گڵاو دەکەن کە دەڵێن: ”خوانی پەروەردگار گڵاوە،“ هەروەها ”خۆراکەکەی سەری قێزەونە.“
[13] دەڵێن: ”لەمە ماندوو بووین!“ سووکایەتی پێ دەکەن.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. «کاتێک ئاژەڵی زەوتکراو و شەل و نەخۆشتان هێنا، ئاوا قوربانی پێشکەش دەکەن، ئایا لێتان ڕازی دەبم؟» ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.
[14] «نەفرەت لێکراوە ئەو فێڵبازەی کە لە مێگەلەکەی نێرینەی ساغ هەیە و نەزر دەکات، بەڵام ئاژەڵێکی عەیبدار بۆ پەروەردگار دەکاتە قوربانی، چونکە من پاشایەکی مەزنم، ناوەکەشم لەنێو نەتەوەکاندا سامناک دەبێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.