[1] هەروەها یەزدان لە شاخی سینا بە موسای فەرموو:
[2] «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک هاتنە ئەو خاکەی من پێتان دەدەم، ئەوا پشوو دەدەن بە خاکەکە، شەممەیە بۆ یەزدان.
[3] شەش ساڵ کێڵگەکەت دەڕوێنیت و شەش ساڵ ڕەزەکەت پەرچ دەکەیت و بەروبوومی کۆدەکەیتەوە.
[4] بەڵام لە ساڵی حەوتەم دەبێتە پشووی خاک، شەممەیە بۆ یەزدان، کێڵگەکەت مەڕوێنە و ڕەزەکەت پەرچ مەکە.
[5] ئەوەی لە دروێنە لێت کەوتووە و ئێستا ڕواوەتەوە، دروێنەی مەکە، ترێی ڕەزەکەشت، هی ئەو لقانەی پەرچ نەکراون، لێ مەکەرەوە. ساڵی پشوودان دەبێت بۆ خاکەکە.
[6] هەر شتێک خاکەکە لە ساڵی پشوودا بە خۆڕستی بەرهەمی دەهێنێت، ئەوا دەبێتە خۆراکتان، بۆ تۆ و کۆیلەکەت و کەنیزەکەت یان کرێگرتەکەت و نیشتەجێی کاتی کە لەلای تۆ دەژیێت،
[7] هەروەها بۆ ئاژەڵە ماڵییەکانت و بۆ ئەو ئاژەڵە کێوییە دەبێت کە لە خاکەکەتە. هەموو بەروبوومی خاکەکە دەبێتە خۆراک.
[8] «”حەوت پشووی ساڵانە بۆ خۆت دەژمێریت، حەوت جار حەوت ساڵ، جا ڕۆژانی حەوت پشووە ساڵانەکە بۆ تۆ دەبێتە چل و نۆ ساڵ،
[9] ئینجا لە ڕۆژی دەی مانگی حەوت، کەڕەنا لێ دەدەیت لە ڕۆژی کەفارەت، کەڕەنا بە هەموو خاکەکەتان دەگێڕن.
[10] ساڵی پەنجایەمین تەرخان دەکەن و بانگەوازی ئازادکردن لە زەوییەکەدا ڕادەگەیەنن بۆ هەموو دانیشتووانەکەی، بۆتان دەبێتە یۆبیل و هەریەکە و بۆ موڵکی خۆی دەگەڕێتەوە و هەریەکە و بۆ خێڵەکەی خۆی دەگەڕێتەوە.
[11] ساڵی پەنجایەمین یۆبیل، ناڕوێنن و ئەوەی خۆڕسکە نایدروونەوە و ڕەزی پەرچ نەکراو ناڕنن.
[12] ئەوە یۆبیلە و پیرۆز دەبێت بۆتان، ئەو ساڵە تەنها ئەوە بخۆن کە ڕاستەوخۆ لە کێڵگەوە دەستتان دەکەوێت.
[13] «”لەم ساڵی یۆبیلە هەرکەسە دەگەڕێتەوە سەر موڵکی خۆی.
[14] «”جا کاتێک زەوی و زارت بە هاونیشتیمانیت فرۆشت یان لێت کڕی، با کەستان ستەم لەوی دیکەتان نەکات.
[15] بەگوێرەی ژمارەی ساڵەکانی دوای یۆبیل لە هاونیشتیمانییەکەت دەکڕیت و بەگوێرەی ساڵەکانی کە ماوەتەوە بۆ خەرمانان پێت دەفرۆشێت.
[16] بەگوێرەی زۆری ساڵەکان نرخی زیاد دەکەیت و بەگوێرەی کەمی ساڵەکان نرخی کەم دەکەیتەوە، چونکە ژمارەی بەروبوومەکەت پێ دەفرۆشێت.
[17] جا ستەم لە یەکتری مەکەن، بەڵکو لە خوداتان بترسن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
[18] «”فەرزەکانم بەجێبهێنن و ئاگاداری ئەوە بن کە گوێڕایەڵی یاساکانم بن و کاریان پێ بکەن، بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی لە خاکەکە نیشتەجێ بن.
[19] زەوییەکەش بەروبوومەکەی دەدات، جا هەتا تێر دەبن لێی دەخۆن و بە ئاسوودەیی تێیدا نیشتەجێ دەبن.
[20] ئەگەر بڵێن: ’لە ساڵی حەوتەم چی بخۆین، ئەگەر نەچێنین و بەروبووممان کۆنەکەینەوە؟‘
[21] ئەوا من فەرمانی بەرەکەتی خۆم دەدەم بۆتان لە ساڵی شەشەمدا، جا بەروبوومی سێ ساڵ دەدات.
[22] ساڵی هەشتەم دەچێنن و لە بەروبوومە کۆنەکە دەخۆن، هەتا ساڵی نۆیەم بەروبوومەکەی دەدات لە کۆنەکە دەخۆن.
[23] «”زەوییەکەش هەمیشە هەتاسەر نافرۆشرێت، چونکە زەوییەکە هی منە و ئێوە نامۆ و کرێگرتەی منن،
[24] بەڵکو لە هەموو ئەو خاکەی ئەو زەوییەی موڵکتان بووە، پێویستە کڕینەوە بۆ زەوییەکە دابنێن.
[25] «”ئەگەر هاونیشتیمانیێکت هەژار بوو و لە موڵکەکەی خۆی فرۆشت، ئەوا نزیکترین خزمی دێت و فرۆشراوی هاوڵاتییەکەی دەکڕێتەوە.
[26] ئەگەر کەسێکیش خزمی نەبێت زەوییەکەی بۆ بکڕێتەوە، بەڵام ئەگەر خۆی توانی و ئەوەندەی دەستکەوتەوە کە بەشی کڕینەوەکە بکات،
[27] ئەوا نرخی ئەو ساڵانە دەژمێرێت لە کاتی فرۆشتنەکەوە و ئەوەندەی دەمێنێتەوە بۆ هاوسەنگکردنی نرخەکە دەداتەوە ئەو کەسە کە پێی فرۆشتووە، ئینجا دەگەڕێتەوە بۆ موڵکەکەی.
[28] بەڵام ئەگەر ئەوەندەی لە دەست نەبێت کە بۆی بگەڕێنێتەوە، ئەوا لە دەستی کڕیار دەبێت هەتا ساڵی یۆبیل. ئینجا لە یۆبیلدا دەگەڕێتەوە، ئەو کاتە خاوەنەکەی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ موڵکەکەی.
[29] «”ئەگەر لە شارێکی شوورابەند یەکێک خانووی نیشتەجێبوونی فرۆشت، ئەوا مافی کڕینەوەکەی هەتا تەواوی ساڵێک دەبێت لە کاتی فرۆشتنەوە، لە ماوەی ئەو کاتەدا دەتوانێت بیکڕێتەوە.
[30] ئەگەر هەتا تەواوبوونی ئەو ساڵە نەیکڕێتەوە، ئەوا ئەو خانووەی لە شارە شوورابەندەکەیە بە هەمیشەیی هەتاسەر بۆ کڕیارەکە دەبێت، بۆ نەوەکانی و لە یۆبیلدا ناگەڕێتەوە.
[31] بەڵام خانوو لە لادێی شوورابەند نەبێت، ئەوا وەک کێڵگە هەژمارد دەکرێت، کڕینەوەی هەیە و لە یۆبیلدا دەگەڕێتەوە.
[32] «”لە شارۆچکەکانی لێڤییەکان، لێڤییەکان هەمیشە مافی کڕینەوەی ماڵەکانیان هەیە، کە موڵکی خۆیانە.
[33] ماڵەکانی لێڤییەکان مافی کڕینەوە و گەڕانەوەی هەیە، لە ساڵی یۆبیل، چونکە خانووی شارۆچکەکانی لێڤییەکان موڵکی ئەوانە لەنێو نەوەی ئیسرائیل.
[34] بەڵام لەوەڕگای دەوروبەری شارۆچکەکانیان نافرۆشرێت، چونکە موڵکێکی هەتاهەتاییە بۆیان.
[35] «”ئەگەر یەکێک لە هاوڵاتیانت هەژار و دەستکورت بوو لەنێوتان، پشتگیری بکە، هەروەک چۆن پشتگیری نامۆ یان نیشتەجێی کاتی دەکەیت، با لەنێوتان بژیێت.
[36] نە سووی لێ وەربگرە و نە قازانج، بەڵکو لە خوداکەت بترسە و با هاونیشتیمانیت لەنێوتان بژیێت،
[37] نە پارەکەتی بە سوو پێبدە و نە خۆراکەکەتی بە قازانج پێبدە.
[38] من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسر دەریهێنان هەتا خاکی کەنعانتان بداتێ و ببێت بە خوداتان.
[39] «”ئەگەر هاوڵاتییەکت لەنێوتان هەژار بوو و خۆی فرۆشتە تۆ، وەک کۆیلە کۆیلایەتی پێ مەکە،
[40] بەڵکو وەک کرێگرتە و نیشتەجێی کاتی لەنێوتان دەبێت، هەتا ساڵی یۆبیل لەلات کار دەکات.
[41] ئینجا خۆی و کوڕەکانی لەلات ئازاد دەبن و بۆ خێڵەکەی خۆی و بۆ موڵکی باوباپیرانی دەگەڕێتەوە.
[42] لەبەر ئەوەی گەلی ئیسرائیل بەندەی منن، ئەوانەی لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، بۆیە نابێت وەک کۆیلە بفرۆشرێن.
[43] بە توندوتیژی بەسەریاندا زاڵ مەبە، بەڵکو لە خودات بترسە.
[44] «”بەڵام کۆیلەکانت و کەنیزەکانت ئەوانەی دەبنە هی تۆ، ئەوا لەو گەلانەی دەوروبەرتان دەبن، لەوان کۆیلە و کەنیزە بۆ خۆتان پەیدا دەکەن.
[45] هەروەها لە نەوەی ئەوانەی لای ئێوە نیشتەجێی کاتین و لە خێڵەکانیان کە لەنێوتانن پەیدای دەکەن، ئەوانەی لە خاکی ئێوە لەدایک دەبن، ئەوان دەبنە موڵکی ئێوە.
[46] دەیانکەنە موڵکی کوڕانتان لەدوای خۆتان وەک میرات بۆیان، هەتاسەر دەیانکەنە کۆیلە، بەڵام براکانتان لە نەوەی ئیسرائیل، ئەوا هیچ کەسێک بە توندوتیژی بەسەر براکەیدا زاڵ نابێت.
[47] «”ئەگەر نامۆیەک یان نیشتەجێیەکی کاتی لەنێوتان دەوڵەمەند بوو، یەکێک لە هاوڵاتیانتان هەژار بوو و خۆی بەو نامۆیە فرۆشت کە لەنێوتان دەژی، یان بە ئەندامی خێڵی نامۆکە،
[48] ئەوا دوای فرۆشتنەکەی کڕینەوەی بۆ دەبێت، یەکێک لە خزمەکانی دەیکڕێتەوە.
[49] مامی یان ئامۆزای دەیکڕێتەوە، یەکێک لە خزمەکانی لە خێڵەکەی دەیکڕێتەوە، یان ئەگەر توانای ماددی هەبوو ئەوا خۆی دەکڕێتەوە.
[50] لەگەڵ کڕیارەکەی لە ساڵی فرۆشتنییەوە هەتا ساڵی یۆبیل دەژمێرێت و نرخی ئازادبوونی بەپێی نرخی پێدانی کرێگرتەیەک دەبێت لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا.
[51] ئەگەر ساڵانێکی زۆر مابێت، ئەوا پێویستە ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە لە نرخی کڕینەکەی بەپێی ژمارەی ئەو ساڵانەی کە ماوەتەوە.
[52] ئەگەر ساڵانێکی کەم مابێتەوە هەتا ساڵی یۆبیل، ئەوا پێویستە ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە لە نرخی کڕینەکەی بەپێی ژمارەی ئەو ساڵانەی کە ماوەتەوە،
[53] وەک کرێگرتەیەک هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت، لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە. پێویستە ئاگاداربن خاوەنەکەی بە توندوتیژی بەسەریدا زاڵ نەبێت.
[54] «”ئەگەر بەو شێوازانەی پێشوو نەکڕدرێتەوە، ئەوا لە ساڵی یۆبیل خۆی و منداڵەکانی ئازاد دەکرێن،
[55] چونکە نەوەی ئیسرائیل بەندەن بۆ من، ئەوان بەندەی منن، ئەوانەی لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، من یەزدانی پەروەردگارتانم.