[1] ئینجا تیروپشک بۆ هۆزی مەنەشە بوو، چونکە ئەو نۆبەرەی یوسف بوو، بۆ ماکیری نۆبەرەی مەنەشە و باپیرە گەورەی گلعاد، چونکە ماکیرییەکان پیاوی جەنگ بوون، گلعاد و باشان بۆ ئەو بوون.
[2] تیروپشک بۆ نەوەکانی دیکەی مەنەشەش بەگوێرەی خێڵەکانیان بوو، بۆ نەوەی ئەڤیعەزەر، حێلەق، ئەسریێل، شەخەم، حێفەر و شەمیداع بەگوێرەی خێڵەکانیان بوو. ئەمانە نێرینەکانی کوڕانی مەنەشەی کوڕی یوسفن.
[3] بەڵام سەلۆفحادی کوڕی حێفەری کوڕی گلعادی کوڕی ماکیری کوڕی مەنەشە هیچ کوڕی نەبوو، بەڵکو کچی هەبوو، ئەمەش ناوی کچەکانییەتی، مەحلە، نۆعا، حۆگلە، میلکە و تیرزە.
[4] جا چوونە پێش بۆ لای ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و سەرۆکەکان، گوتیان: «یەزدان فەرمانی بە موسا کرد کە لەناو براکانمان میراتمان بدرێتێ.» ئیتر یەشوع بەپێی فەرمانی یەزدان لەنێو براکانی باوکیان میراتی پێدان.
[5] مەنەشە دە بەشی بەرکەوت، بێجگە لە زەوی گلعاد و باشان کە لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە بوو بەلای ڕۆژهەڵاتەوە،
[6] چونکە کچانی هۆزی مەنەشە لەگەڵ کوڕەکانی میراتیان وەرگرت. زەوی گلعادیش بۆ ئەوانی دیکە بوو لە نەوەی مەنەشە. i1
[7] سنووری مەنەشەش لە ئاشێرەوە بۆ میخمەتات بوو کە ڕۆژهەڵاتی شەخەمە. سنوورەکە بەلای باشووردا درێژ بووەوە بۆ لای دانیشتووانی کانی تەپووەح.
[8] شاری تەپووەح لەسەر سنووری مەنەشە تایبەت بوو بە نەوەی ئەفرایم، بەڵام ناوچەکانی دەوروبەری شاری تەپووەح تایبەت بوون بە مەنەشە.
[9] ئینجا سنوورەکە بەرەو باشوور دابەزی بۆ شیوی قانا. ئەمانە شارۆچکەکانی ئەفرایم بوون لەنێو شارۆچکەکانی مەنەشە، سنووری مەنەشەش لە باکووری شیوەکە بوو، کۆتاییەکەشی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست بوو.
[10] لەلای باشوورەوە خاکەکە بۆ ئەفرایم بوو، لەلای باکووریشەوە بۆ مەنەشە بوو. دەریاش سنووری بوو، لەلای باکوورەوە گەیشتە ئاشێر و لەلای ڕۆژهەڵاتیشەوە گەیشتە یەساخار. i1
[11] جا لەناو یەساخار و ئاشێر ئەم شارۆچکانە و دەوروبەریان بۆ مەنەشە بوون: بێتشان، یەڤلەعام، دانیشتووانی دۆر، سێ بەرزاییەکانی کانی دۆر، تەعنەک و مەگیدۆ.
[12] بەڵام نەوەی مەنەشە نەیانتوانی دەست بەسەر ئەو شارۆچکانەدا بگرن، چونکە کەنعانییەکان سوور بوون لەسەر نیشتەجێبوون لەو خاکەدا.
[13] کاتێک نەوەی ئیسرائیل بەهێزتر بوون بێگارییان بە کەنعانییەکان کرد، بەڵام بە تەواوی دەریاننەکردن.
[14] ئینجا نەوەی یوسف لەگەڵ یەشوعدا دوان و گوتیان: «بۆچی یەک تیروپشک و یەک بەشت وەک میرات پێداوین، لەگەڵ ئەوەی ئێمە گەلێکی زۆرین، چونکە هەتا ئێستاش یەزدان هەر بەرەکەتداری کردووین؟»
[15] یەشوعیش وەڵامی دانەوە: «ئەگەر ئێوە گەلێکی زۆرن، سەربکەون بۆ دارستان لەوێ بۆ خۆتان زەوی پریزی و ڕفائییەکان پاک بکەنەوە، ئەگەر ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم تەنگە بۆتان.»
[16] نەوەی یوسفیش گوتیان: «ناوچە شاخاوییەکە بەشمان ناکات و هەموو کەنعانییەکانی دانیشتووی دۆڵەکەش گالیسکەی ئاسنیان هەیە، ئەوانەی لە بێتشان و دەوروبەری و ئەوانەی لە دۆڵی یەزرەعیلن.»
[17] ئینجا یەشوع بە بنەماڵەی یوسف، بە نەوەی ئەفرایم و مەنەشەی گوت: «ئێوە گەلێکی زۆرن و توانایەکی مەزنتان هەیە، لەبەر ئەوە تەنها یەک تیروپشکتان نابێت،
[18] بەڵکو ناوچە شاخاوییەکەش بۆ ئێوە دەبێت، چونکە دارستانیشی هەیە، جا بیبڕنەوە و هەتا کۆتایی سنوورەکەی دەستی بەسەردا بگرن، ئینجا کەنعانییەکان دەردەکەن، هەرچەندە گالیسکەی ئاسنینیان هەبێت و بەهێزیش بن.»