[1] لە سییۆن فوو بە کەڕەنادا بکەن، لەسەر کێوی پیرۆزم هاوار بکەن بۆ ئاگادارکردنەوە. با هەموو دانیشتووانی خاکەکە بلەرزن، چونکە ڕۆژی یەزدان دێت و نزیکە.
[2] ڕۆژی تاریکی و ئەنگوستەچاوە، ڕۆژی هەور و تەمی چڕە. وەک کازێوە باڵی بەسەر چیاکاندا دەکێشێت، سوپایەکی گەورە و بەهێز دێت، لە دێرزەمانەوە هاوشێوەی نەبووە، لە نەوەی داهاتووش شتی وا نابێتەوە.
[3] لەپێشیانەوە ئاگر دەخوات و لەپشتیشیانەوە گڕ دەسووتێنێت. لەپێشیانەوە خاک وەک باخچەی عەدەنە، لەپشتیشیانەوە چۆڵەوانییەکی وێرانە، هیچ لێیان دەرباز نابێت.
[4] دیمەنیان وەک دیمەنی ئەسپە، وەک سوار غار دەدەن.
[5] وەک دەنگی گالیسکە لەسەر لووتکەی چیاکان باز دەدەن، وەک دەنگی گڕی ئاگرە کە پوشوپەڵاش هەڵدەلووشێت، وەک سوپایەکی بەهێزی ڕیزبەستووە بۆ جەنگ.
[6] لەبەردەم ئەوان، گەلان سڵ دەکەنەوە، هەموو دەموچاوێک ڕەنگی هەڵدەبزڕکێت.
[7] وەک پاڵەوان هێرش دەبەن، وەک جەنگاوەر بە شووراکاندا هەڵدەگەڕێن. هەموویان لەسەر یەک هێڵ دەڕۆن و لە ڕێچکەی خۆیان لانادەن.
[8] تەنگ بە یەکتری هەڵناچنن و هەریەکەیان بە ڕیزی خۆیدا دەڕوات، بە سەنگەرەکاندا ڕەت دەبن، بەبێ ئەوەی ڕیزەکانیان بشکێنن.
[9] بەناو شارەکەدا غار دەدەن، بەسەر شووراکاندا ڕادەکەن، سەردەکەونە سەر ماڵەکان، وەک دز بەناو پەنجەرەکاندا دێنە ژوورەوە.
[10] لەبەردەمیان زەوی دەلەرزێت، ئاسمان دەهەژێت، خۆر و مانگ تاریک دەبن و ئەستێرەکان تروسکایی خۆیان ڕادەگرن.
[11] یەزدان دەنگی بەرز دەکاتەوە لەپێش سوپاکەیەوە، سەربازەکانی زۆر زۆرن، ئەوانەی فەرمانەکەی بەجێدەهێنن بە هێزن. ڕۆژی یەزدان گەورەیە، زۆر سامناکە. کێ خۆی لەبەری دەگرێت؟
[12] یەزدان دەفەرموێت: «بەڵام ئێستا، بە هەموو دڵتانەوە بگەڕێنەوە لام، بە ڕۆژووگرتن و گریان و شیوەن گێڕانەوە.»
[13] دڵتان دابدڕن نەک جلەکانتان، بگەڕێنەوە لای یەزدانی پەروەردگارتان، چونکە میهرەبان و بە بەزەییە، پشوودرێژە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرە، لە خراپە پاشگەز دەبێتەوە.
[14] کێ دەزانێت؟ ڕەنگە بگەڕێتەوە و پاشگەز بێتەوە، لەپاش خۆیەوە بەرەکەت بەجێبهێڵێت، بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب بۆ یەزدانی پەروەردگارتان.
[15] لە سییۆن فوو بە کەڕەنادا بکەن، ڕۆژووگرتنێک ڕابگەیەنن، بۆ کۆبوونەوەیەکی پیرۆز بانگیان بکەن.
[16] گەل کۆبکەنەوە و کۆمەڵ تەرخان بکەن، پیران خڕبکەنەوە و منداڵان کۆبکەنەوە لەگەڵ شیرەخۆرەکان. با زاوا لە ژوورەکەیەوە بێتە دەرەوە، بووکیش لە کوللەکەی.
[17] با کاهینەکان، خزمەتکارانی یەزدان، لەنێوان هەیوانەکە و قوربانگاکەدا بگریێن. با بڵێن: «ئەی یەزدان، دڵت بە گەلەکەت بسووتێت، میراتەکەت مەکە جێگای تانە و تەشەر، هەتا گەلان بیانکەنە پەند. بۆچی لەنێو گەلاندا بڵێن: ”کوا خوداکەیان؟“»
[18] ئینجا یەزدان خۆشەویستی بۆ خاکەکەی دەردەبڕێت و بەزەیی بە گەلەکەیدا دێتەوە.
[19] یەزدان وەڵام دەداتەوە و بە گەلەکەی دەفەرموێت: «دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتتان بۆ دەنێرم، هەتا ئەوەی لێی تێردەبن، ئیتر ناتانکەمە جێگای تانە و تەشەری نەتەوەکان.
[20] «ئەو سوپایەش کە لە باکوورەوە هاتووە لێتان دوور دەخەمەوە، دەریدەکەم بۆ زەوییەکی وشک و وێران، ڕووی لە دەریای ڕۆژهەڵاتە و پشتیشی لە دەریای ڕۆژئاوایە ، بۆگەنییەکەی سەرکەوت و بۆنە پیسەکەی بڵاو دەبێتەوە.» بێگومان کاری مەزنی ئەنجام داوە.
[21] ئەی زەوی مەترسە! شاد و دڵخۆش بە، چونکە یەزدان کاری مەزنی ئەنجام داوە.
[22] ئەی ئاژەڵە کێوییەکان مەترسن، چونکە لەوەڕگاکانی دەشتودەر سەوز دەبن، درەختەکان بەر دەگرن، دار هەنجیر و دار مێو بەرێکی زۆر دەردەخەن.
[23] ئەی نەوەی سییۆن، شاد و دڵخۆش بن بە یەزدانی پەروەردگارتان، چونکە بۆ دەرکەوتنی ڕاستودروستی پاییزە بارانی پێدان. پاییزە باران و بەهارە باران هەروەک پێشتر بەسەرتاندا دەبارێنێت.
[24] ئیتر جۆخینەکان پڕ دەبن لە دانەوێڵە و قەڕابەکان سەرڕێژ دەبن لە شەراب و زەیت.
[25] «قەرەبووی ئەو ساڵانەتان دەکەمەوە کە کوللەی گەورە خواردیان، پێکوڕە و وردە کوللە و کوللەی قرتێنەر، لەشکرە گەورەکەم کە ناردمە سەرتان.
[26] ئینجا زۆر دەخۆن و تێر دەبن، ستایشی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان دەکەن، ئەوەی کاری سەرسوڕهێنەری لەگەڵدا کردن، بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت.
[27] ئیتر دەزانن کە من لەناوەڕاستی ئیسرائیلم، کە من یەزدانی پەروەردگارتانم و بێجگە لە من یەکێکی دیکە نییە. بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت.
[28] «پاش ئەمانە، ڕۆحم بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژم. کوڕان و کچانتان پەیامی خودا ڕادەگەیەنن، پیرانتان خەون دەبینن، گەنجانتان بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت.
[29] تەنانەت بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم، لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی خۆم دەبارێنم.
[30] پەرجوو لە ئاسمان و زەویدا نیشان دەدەم، خوێن و ئاگر و ستوونی دووکەڵ.
[31] خۆر دەبێتە تاریکی و مانگیش دەبێتە خوێن، بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و ترسناکی یەزدان بێت.
[32] بەڵام هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە ڕزگاری دەبێت، چونکە هەروەک یەزدان فەرمووی، ڕزگاربوون لە کێوی سییۆن و لە ئۆرشەلیم دەبێت، بۆ ئەوانەیە کە ماونەتەوە، ئەوانەی یەزدان بانگهێشتی کردوون.