[1] کاتێک پەشحوری کوڕی ئیمێری کاهین لێپرسراوی پەرستگای یەزدان گوێی لە یەرمیا بوو پێشبینی ئەو شتانەی دەکرد،
[2] لە یەرمیای پێغەمبەری دا و لەو کۆتەی کرد کە لەلای دەروازەی بنیامینی سەرەوەیە، ئەوەی لە پەرستگای یەزدانە.
[3] بۆ بەیانی پەشحور یەرمیای لە کۆتەکە دەرهێنا، یەرمیاش پێی گوت: «یەزدان تۆ بە پەشحور ناو نابات، بەڵکو مەگۆر میسەڤیڤ ،
[4] چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا دەتکەمە ترس و تۆقین بۆ خۆت و بۆ هەموو دۆستانت، بە چاوی خۆت دەبینی کە بە شمشێری دوژمنەکانیان دەکوژرێن. هەموو یەهوداش دەدەمە دەست پاشای بابل، بۆ بابل ڕاپێچیان دەکات یان دەیانداتە بەر شمشێر.
[5] هەموو سامانی ئەم شارە، هەموو بەرهەم و هەموو شتە بەنرخەکانی و هەموو گەنجینەکانی پاشاکانی یەهودا دەدەمە دەست دوژمنەکانیان. جا تاڵانیان دەکەن و دەستی بەسەردا دەگرن و دەیانبەنە بابل.
[6] تۆش ئەی پەشحور، لەگەڵ هەموو ئەندامانی ماڵەکەت بۆ بابل ڕاپێچ دەکرێن، لەوێ دەمرن و لەوێ دەنێژرێن، تۆ و هەموو دۆستانت کە بە درۆ پێشبینیت بۆیان کردبوو.“»
[7] ئەی یەزدان، فریوتدام و فریودرام، تۆ لە من بەتواناتری و دەرەقەتم هاتی. بە درێژایی ڕۆژ پێم پێدەکەنن، هەموو گاڵتەم پێ دەکەن.
[8] چونکە هەر کاتێک بدوێم هاوار دەکەم، جاڕی توندوتیژی و وێرانی دەدەم، چونکە فەرمایشتی یەزدان ڕیسوایی بۆ هێنام، گاڵتە پێکردن بە درێژایی ڕۆژ.
[9] بەڵام ئەگەر گوتم: «باسی ناکەم، ئیتر بە ناوی ئەوەوە نادوێم،» جا وشەکەی لە دڵمدا بوو بە ئاگرێکی داگیرساو، پەنگخواردوو لەناو ئێسقانەکانم، بێزاربووم لە دامرکاندنەوەی و نەمتوانی بێدەنگ بم.
[10] چونکە گوێم لە چپەچپی زۆر کەس بووە: «لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە! خەبەری لێ بدەن! با خەبەری لێ بدەین!» هەموو هاوڕێیەکانم چاوەڕێی شکستی من دەکەن، دەڵێن: «بەڵکو فریوبخوات، ئینجا دەرەقەتی دێین و تۆڵەی خۆمانی لێ دەکەینەوە.»
[11] بەڵام یەزدان وەک پاڵەوانێکی بە توانا لەگەڵمدایە، لەبەر ئەوە ئەوانەی دەمچەوسێننەوە دەکەون و دەرەقەتم نایەن، سەرناکەون و بە تەواوی ڕیسوا دەبن، شەرمەزارییەکەیان هەرگیز لەبیر ناکرێت.
[12] ئەی یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی ڕاستودروست تاقی دەکەیتەوە و ناخ و دڵ دەپشکنیت، با تۆڵەسەندنەوەت لەوان ببینم، چونکە کێشەی خۆمم بە تۆ سپارد.
[13] گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن! ستایشی یەزدان بکەن! چونکە هەژار ڕزگار دەکات لە دەستی بەدکاران.
[14] نەفرەت لێکراوە ئەو ڕۆژەی تێیدا لەدایک بووم! با بەرەکەتدار نەبێت ئەو ڕۆژەی دایکم منی بوو!
[15] نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی مژدەی دایە باوکم، زۆر دڵخۆشی کرد و گوتی: «کوڕێکت بوو!»
[16] با ئەو کەسە وەک ئەو شارۆچکانەی لێ بێت کە یەزدان بەبێ پەشیمانبوونەوە سەرەوژێری کرد. با بەیانییان دەنگی هاوار ببیستێت، نەعرەتە کێشانی جەنگیش لە کاتی نیوەڕۆ،
[17] چونکە لەناو سکی دایکمەوە نەیکوشتم، جا دایکم دەبوو بە گۆڕم و سکی هەمیشە هەر پڕ دەبوو.
[18] بۆچی لە سکی دایکم هاتمە دەرەوە؟ ئایا بۆ بینینی ماندووبوون و خەم؟ ئایا بۆ کۆتایی هاتنی ڕۆژگارم بە ڕیسوایی؟