[1] «بە براکانتان بڵێن: ”گەلی من،“ و بە خوشکەکانتان: ”بەر بەزەیی کەوتوو.“
[2] «سەرزەنشتی دایکتان بکەن، سەرزەنشتی بکەن، چونکە ئەو ژنی من نییە و منیش مێردی ئەو نیم. بەدڕەوشتی لە ڕوخساری و ناپاکی لەنێوان مەمکەکانی داماڵێت.
[3] ئەگینا ڕووتوقووتی دەکەمەوە، وەک ئەو ڕۆژە ڕایدەگرم کە تێیدا لەدایک بووە؛ وەک چۆڵەوانی لێ دەکەم، وەک خاکی وشکی لێ دەکەم، بە تینووێتی دەیمرێنم.
[4] بەزەییم بە منداڵەکانیدا نایەتەوە، چونکە زۆڵن.
[5] بێگومان دایکیان داوێنپیسی کردووە و بە بێ ئابڕوویی سکی پێیان پڕ بووە. ئەو گوتی: ”دوای دۆستەکانم دەکەوم، ئەوانەی نان و ئاو، خوری و کەتان، زەیت و خواردنەوەم پێدەدەن.“
[6] لەبەر ئەوە ڕێگاکەی بە دڕک پەرژین دەکەم، دیوارێک بە دەوریدا دروستدەکەم بۆ ئەوەی ڕێڕەوەکانی نەدۆزێتەوە.
[7] دوای دۆستەکانی دەکەوێت و پێیان ناگات، بەدوایاندا دەگەڕێت و نایاندۆزێتەوە. ئینجا دەڵێت: ”دەچم و وەک جاران دەگەڕێمەوە بۆ لای مێردەکەم، چونکە ئەو کاتم لە ئێستام باشتر بوو.“
[8] ئەو دانی پێدا نەناوە ئەوە من بووم کە دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتم پێیداوە، زێڕ و زیوم بۆی زیاد کردووە، بەڵام ئەوان بۆ بەعل بەکاریانهێنا.
[9] «لەبەر ئەوە دەگەڕێمەوە و دانەوێڵەکەم لە کاتی خۆیدا دەبەمەوە، شەرابە تازەکەشم لە کاتی خۆیدا. خوری و کەتانەکەم کە ڕووتییەکەی دادەپۆشن لەبەری دادەکەنم.
[10] ئێستا شوێنی شەرمی لەبەرچاوی خۆشەویستەکانیدا دەردەخەم، کەسیش لە دەستم فریای ناکەوێت.
[11] هەموو خۆشییەکانی ڕادەگرم: جەژن و سەرەمانگەکانی، شەممە و جەژنە دیاریکراوەکانی.
[12] ڕەزەمێو و هەنجیرەکانی تێکدەدەم، کە گوتی: ”ئەوانە کرێیەکەی منن، خۆشەویستانم پێیان داوم.“ دەیانکەم بە دارستان و ئاژەڵی کێوی دەیانخوات.
[13] لەسەر ئەو ڕۆژانەی سزای دەدەم کە بخووری بۆ بەعلەکان دەسووتاند، بە خەزێم و خشڵەکانی خۆی دەڕازاندەوە، دوای خۆشەویستانی کەوت، بەڵام منی لەیاد کرد.» q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[14] «لەبەر ئەوە بە زمانی شیرین دەیبەمە چۆڵەوانی و بە نەرمی قسەی لەگەڵدا دەکەم.
[15] لەوێ ڕەزەمێوەکانی دەدەمەوە، دۆڵی عاخۆر دەکەم بە دەرگای هیوا. لەوێ وەک ڕۆژانی هەرزەکاری گۆرانی دەڵێت، وەک ڕۆژی سەرکەوتنی لە خاکی میسرەوە.»
[16] یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا دەبێت، پێم دەڵێیت: ”مێردەکەم“ و چیتر پێم ناڵێیت: ”گەورەم.“
[17] ناوی بەعلەکان لە دەمی دادەماڵم و ئیتر ناویان ناهێنێت.
[18] لەو ڕۆژەدا پەیمانێکیان بۆ دەبەستم لەگەڵ ئاژەڵی کێوی و باڵندەکانی ئاسمان و خشۆکەکانی زەوی. کەوان و شمشێر و جەنگ لە خاکەکەدا بنبڕ دەکەم و وایان لێ دەکەم بە ئاسوودەیی پاڵ بکەون.
[19] بۆ هەتاهەتایە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و بە ڕاستودروستی و دادوەری، بە خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی بۆ خۆمت نیشان دەکەم.
[20] بە دڵسۆزییەوە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و دان بە یەزداندا دەنێیت.
[21] «یەزدان دەفەرموێت: لەو ڕۆژەدا من کاردانەوەم دەبێت، من کاردانەوەم بەرامبەر بە ئاسمان دەبێت و ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە زەوی دەبێت،
[22] زەویش کاردانەوەی بەرامبەر بە دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت دەبێت، ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە یەزرەعیل دەبێت.
[23] لە خاکەکەدا بۆ خۆم دەیچێنم، بەزەییم دێتەوە بەوانەی کە فەرمووم ”بەزەییم پێیاندا نایەتەوە.“ ئەوانەی کە پێیان دەگوترا ”گەلی من نین“ پێیان دەڵێم: ”ئێوە گەلی منن.“ ئەوانیش دەڵێن: ”تۆ خودای ئێمەیت.“»