[1] گرنگترین خاڵ لەوەی گوترا ئەمەیە: ئێمە سەرۆک کاهینێکی ئاوامان هەیە کە لە ئاسماندا لە دەستەڕاستی تەختی پایەبەرزی دانیشت،
[2] خزمەتکاری پیرۆزگا و چادری پەرستنی ڕاستەقینەیە، ئەوەی مەسیحی باڵادەست دایناوە نەک مرۆڤ.
[3] لەبەر ئەوەی هەر سەرۆک کاهینێک بۆ پێشکەشکردنی بەخشین و قوربانی دانراوە، هەر بۆیە پێویست بوو ئەویش شتێکی هەبێت کە پێشکەشی بکات.
[4] ئەگەر لەسەر زەوی بووایە، نەدەبووە کاهین، چونکە کەسانێکی هەیە بەگوێرەی تەورات قوربانی بکات.
[5] ئەوانەی خزمەتی وێنە و سێبەری شتە ئاسمانییەکان دەکەن، کە موساش بەتەمابوو چادری پەرستن دروستبکات، ئاگادار کرایەوە: [بڕوانە کە هەموو شتێک لەسەر ئەو نموونەیە دروستبکەی کە لەسەر کێوەکە پیشانت دراوە.]
[6] بەڵام لەڕاستیدا ئەو خزمەتەی کە عیسا وەریگرت لە خزمەتی ئەوان زۆر نایابترە، بەو ئاستەی کە خۆی پەیوەندی ڕێکخەرە بۆ پەیمانێکی باشتر، چونکە پەیمانە نوێیەکەی لەسەر بەڵێنی باشتر بنیاد نراوە.
[7] لەبەر ئەوەی ئەگەر پەیمانی یەکەم بێ کەموکوڕی بووایە، ئیتر شوێن بۆ دووەم داوا نەدەکرا.
[8] بەڵام خودا کەموکوڕی لە گەلەکەی دۆزییەوە، بۆیە پێیان دەفەرموێ: [یەزدان دەفەرموێ: ئەوەتا سەردەمێک دێت، پەیمانێکی نوێ لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا دەبەستم.
[9] نەک وەکو ئەو پەیمانەی لەگەڵ باوباپیرانیاندا بەستم ئەو ڕۆژەی دەستی ئەوانم گرت بۆ ئەوەی لە خاکی میسر دەریانبهێنم، چونکە لەسەر پەیمانەکەم نەڕۆیشتن، ئیتر منیش پشتگوێم خستن، q4 ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
[10] یەزدان دەفەرموێت: ئەمە ئەو پەیمانەیە کە لەدوای ئەو ڕۆژانە لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیلدا دەیبەستم، فێرکردنەکانم دەخەمە ناو بیرکردنەوەیان و لەسەر دڵیان دەینووسم، من دەبم بە خودای ئەوان و ئەوانیش دەبن بە گەلی من.
[11] لەمەودوا کەس هاوڕێکەی خۆی یان براکەی خۆی فێرناکات و بڵێت، «یەزدان بناسە،» چونکە هەموویان دەمناسن، لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان،
[12] چونکە لە تاوانەکانیان خۆشدەبم، چیتر گوناهەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.]
[13] کاتێک باسی ئەم پەیمانە دەکات و دەفەرموێ: «نوێ»، پەیمانی یەکەم کۆن دەکات. شتێکیش کە کۆن بوو و پیر بوو، ئەوا لە فەوتان نزیکە.