Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:06

[1] لە خاڵی چاودێریکردنەکەم دەوەستم و سەردەکەومە سەر قوللەی چاودێری، چاوەڕێ دەکەم تاکو بزانم یەزدان چیم پێ دەڵێت و بۆ وەڵامی ئەو سکاڵایە چی بڵێم.

[2] ئینجا یەزدان وەڵامی دامەوە و فەرمووی: «سروشەکە بنووسەوە و لەسەر تابلۆ هەڵیبکۆڵە، تاکو پەیامنێر بە دروستی پەیامەکە بگەیەنێت.

[3] چونکە سروشەکە بۆ کاتی دیاریکراوە، باسی کۆتایی دەکات و درۆ ناکات. ئەگەر درێژەی کێشا چاوەڕێی بکە، چونکە بێگومان دێت و دواناکەوێت.

[4] «تەماشا، دوژمن خۆی گف کردووەتەوە، ئارەزووەکانی ڕەوا نییە، بەڵام کەسی ڕاستودروست بە باوەڕی خۆی دەژیێت.

[5] لە ڕاستیدا شەراب فریوی دەدات، لەخۆباییە و هەرگیز هێور نابێتەوە، چونکە وەک گۆڕ ئارەزووی بەرفراوانە، وەک مردنە، هەرگیز تێر نابێت، هەموو نەتەوەکان بۆ خۆی کۆدەکاتەوە و هەموو گەلان بە دیل دەگرێت.

[6] «ئایا گەلەکان پەند و توانج لەو ناگرن، دەڵێن: «”قوڕبەسەر ئەوەی شتی دزراو کەڵەکە دەکات و بە ستەمکاری خۆی دەوڵەمەند دەکات! ئەو دۆخە هەتا کەی بەردەوام دەبێت؟“

[7] ئایا قەرزدەرەکانت کتوپڕ لێت ڕاستنابنەوە؟ ئایا بەئاگا نایێن و ناتلەقێنن؟ ئینجا دەبیتە دەستکەوت بۆیان.

[8] چونکە تۆ چەندین نەتەوەت تاڵان کرد، ئەو گەلانەی کە ماونەتەوە تۆ تاڵان دەکەن، لەبەر ئەوەی تۆ خوێنی مرۆڤت ڕشت، تۆ خاک و شار و هەموو دانیشتووانەکەیت وێران کرد.

[9] «قوڕبەسەر ئەوەی دەستکەوتی ناڕەوا بۆ ماڵەکەی بەدەستدەهێنێت و هێلانەکەی لە بەرزایی دادەنێت، تاکو لە چنگی خراپە دەرباز بێت!

[10] پیلانی ڕیشەکێشکردنی گەلانێکی زۆرت گێڕا، شەرمەزاریت هێنایە سەر ماڵەکەت و خۆتت دۆڕاند.

[11] لەبەر ئەوە بەرد لەناو دیوارەوە هاوار دەکات و کاریتەش لە دارەوە دەنگ دەداتەوە.

[12] «قوڕبەسەر ئەوەی بە خوێنڕشتن شار بنیاد دەنێت و بە ستەمکاری شارۆچکە دادەمەزرێنێت.

[13] ئایا ئەوە لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە نییە کە ماندووبوونی گەلان تەنها بۆ ئاگر بێت، شەکەتبوونی نەتەوەکان بێ سوود بێت؟

[14] چونکە زەوی پڕ دەبێت لە زانینی شکۆمەندی یەزدان، هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.

[15] «قوڕبەسەر ئەوەی شەراب دەرخواردی نزیکەکەی دەدات، هەتا سەرخۆش دەبێت لە مەشکەکەوە بۆی تێدەکات، تاکو جەستەیان بە ڕووتی ببینێت.

[16] تێردەبیت لە شەرمەزاری لە جیاتی شکۆمەندی. ئێستا نۆرەی تۆیە! بینۆشە و ڕووت ببەوە، جامی دەستە ڕاستی یەزدان دێتە سەر تۆ، شەرمەزاریش شکۆی تۆ دادەپۆشێت.

[17] ئەو ستەمەی لە لوبنانت کرد بەسەرت دێتەوە، لەناوبردنی ئاژەڵەکانی دەتترسێنێت. لەبەر ئەوەی تۆ خوێنی مرۆڤت ڕشت، تۆ خاک و شار و هەموو دانیشتووانەکەیت وێران کرد.

[18] «ئەو بتەی کە دەتاشرێت چ کەڵکێکی هەیە؟ یان ئەو پەیکەرە لەقاڵبدراوەی خەڵکی فێری درۆ دەکات؟ چونکە دروستکەرەکەی پشتی پێ دەبەستێت، بتێکی دروستکردووە ناتوانێت قسە بکات.

[19] قوڕبەسەر ئەوەی بە تەختەدار دەڵێت: ”هەستە!“ بە بەردی بێ هەست و نەست: ”بە ئاگابە!“ ئایا دەتوانێت ڕێنمایی بکات؟ بە زێڕ و زیو ڕووکەش کراوە، ڕۆحی تێدا نییە.»

[20] بەڵام یەزدان لەناو پەرستگای پیرۆزیدایە، با هەموو دانیشتووانی زەوی لەبەردەمیدا بێدەنگ بن.

حەبەقوق — Chapters