Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:15

[1] مەسیح ئازادی کردین تاکو بە ئازادی بژین. بۆیە چەسپاو بن و جارێکی دیکە ملکەچی نیری کۆیلایەتی مەبن.

[2] ئاگاداربن، من پۆڵسم پێتان دەڵێم: ئەگەر ڕێبدەن خەتەنە بکرێن ئەوا مەسیح هیچ سوودێکی بۆتان نابێت!

[3] دیسان شایەتی دەدەم، هەر مرۆڤێک ڕێ بدات خەتەنە بکرێت، دەبێت کار بە هەموو شەریعەت بکات.

[4] ئەی ئەوانەی دەتانەوێت بە شەریعەت بێتاوان بکرێن، ئەوا لە مەسیح جیا بوونەوە، لە نیعمەتی خودا کەوتن.

[5] بەڵام ئێمە لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە، بە باوەڕ، چاوەڕێی هیوای ڕاستودروستین.

[6] بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا خەتەنەکردن یان خەتەنە نەکردن هیچ سوودێکی نییە، بەڵکو ئەو باوەڕە گرنگە کە بە خۆشەویستی کار دەکات.

[7] باش ڕاتاندەکرد. کێ ڕێی لێ گرتن تاکو گوێڕایەڵی ڕاستی نەبن؟

[8] ئەم بیروباوەڕە لەلایەن ئەوەوە نییە کە بانگتان دەکات.

[9] «هەویرترشێکی بچووک، هەموو هەویرەکە هەڵدێنێت.»

[10] لەبەر ئەوەی ئێمە لەگەڵ مەسیح یەکین، دڵنیام کە بە شێوەیەکی دیکە بیرناکەنەوە. جا ئەوەی بتانشێوێنێ سزای خۆی وەردەگرێت، هەر چ کەسێک بێت.

[11] بەڵام خوشکان، برایان، ئەگەر هەتا ئێستا من خەتەنەکردن ڕادەگەیەنم، ئیتر بۆچی هەتا ئێستا دەچەوسێمەوە؟ کەواتە کۆسپی خاچ لادراوە.

[12] خۆزگە ئەو کەسانەی دەتانشێوێنن، بخەسێنرێن.

[13] ئەی خوشک و برایانم، ئێوە بۆ ئازادی بانگکراون، بەڵام ئازادی مەقۆزنەوە بۆ ڕازیکردنی سروشتی دنیایی، بەڵکو بە خۆشەویستی خزمەتی یەکتری بکەن،

[14] چونکە تەورات هەمووی لە یەک ڕاسپاردەدا دێتە دی: [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.]

[15] ئەگەر پەلاماری یەکتری بدەن و یەکتری بخۆن، ئاگاداربن یەکتری لەناونەبەن.

[16] پێتان دەڵێم: بە ڕۆحی پیرۆز بژین، ئارەزووی سروشتی دنیایی تێر مەکەن،

[17] چونکە ئارەزووی سروشتی دنیایی لە دژی ڕۆحەکەیە، ڕۆحەکەش لە دژی سروشتی دنیاییە. هەریەکەیان بەربەرەکانێی ئەوی دیکە دەکات، تاکو ئەوە نەکەن کە دەتانەوێت.

[18] بەڵام ئەگەر ئێوە بە ڕۆحەکە بەڕێوەتان ببات، ئەوا لەژێر سایەی شەریعەتدا نین.

[19] ئێستا کردەوەکانی سروشتی دنیایی مرۆڤ ڕوونن، ئەوانیش: داوێنپیسی، گڵاوی، بەڕەڵایی،

[20] بتپەرستی، جادووگەری، دوژمنایەتی، یاخیبوون، دڵپیسی، تووڕەبوون، خۆپەرستی، دووبەرەکی، ناکۆکی،

[21] چاوپیسی، سەرخۆشی، ڕابواردن، شتی دیکەی وەک ئەمانە، ئاگادارتان دەکەمەوە، وەک پێشتر ئاگادارم کردوونەتەوە: ئەوانەی ئەو کارانە دەکەن نابنە میراتگری شانشینی خودا.

[22] بەڵام بەروبوومی ڕۆحی پیرۆز ئەمەیە: خۆشەویستی، خۆشی، ئاشتی، ئارامگرتن، نیانی، چاکە، دڵسۆزی،

[23] دڵنەرمی و بەسەرخۆدا زاڵبوون. شەریعەت نییە لە دژی ئەمانە بێت.

[24] بەڵام ئەوانەی هی عیسای مەسیحن سروشتی دنیاییان لەگەڵ حەز و ئارەزووەکانیان لە خاچ داوە.

[25] ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز بژین، با هەنگاوەکانی ڕۆحەکەش بپارێزین.

[26] با لەخۆبایی نەبین، یەکتری تووڕە نەکەین، لەگەڵ یەکتری چاوپیس نەبین.

نامەی پۆڵس بۆ کڵێساکانی گەلاتیا — Chapters