Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:12

[1] ئەی گەورەکان، لەگەڵ کۆیلەکان دادپەروەر و یەکسان بن، بزانن ئێوەش گەورەتان هەیە لە ئاسمان.

[2] پەیوەست بن بە نوێژکردنەوە، بە سوپاسەوە ئێشکی لێ بگرن.

[3] بۆ ئێمەش نوێژ بکەن کە خودا دەرگایەکمان بۆ بکاتەوە بۆ پەیامەکە، بۆ ئەوەی نهێنی مەسیح ڕابگەیەنین، لەبەر ئەمەش گیراوم،

[4] تاکو ئاشکرای بکەم وەک پێویستە بدوێم.

[5] بە دانایی لەگەڵ ئەوانەی دەرەوە ڕەفتار بکەن، کات بقۆزنەوە.

[6] قسەتان هەردەم پڕبێت لە نیعمەت، بە خوێ سوێر کرابێت، تاکو بزانن چۆن پێویستە وەڵامی هەرکەسێک بدەنەوە.

[7] تیخیکۆس هەموو هەواڵێکی منتان دەداتێ، برایەکی خۆشەویست و خزمەتکارێکی دڵسۆز و هاوکاری ئێمەیە لە خزمەتکردنی مەسیحی باڵادەستدا.

[8] بە تایبەتی بۆ ئەمە ناردمە لاتان، تاکو هەواڵی ئێمە بزانن و ورەتان بەرز بکاتەوە،

[9] لەگەڵ ئۆنسیمۆسی برای خۆشەویست و دڵسۆز، ئەوەی لە خۆتانە، ئەوان هەواڵی هەموو شتێکی ئێرەتان دەدەنێ.

[10] ئەریستارخۆسی هاوڕێی بەندیێتیم سڵاوتان لێدەکات، مەرقۆسی ئامۆزای بەرناباسیش. دەربارەی ئەو ڕاسپاردەتان وەرگرتووە. ئەگەر هاتە لاتان پێشوازیی لێ بکەن.

[11] هەروەها عیسا کە بە یوستۆس ناودەبردرێت، ئەویش سڵاوی بۆتان هەیە. تەنها ئەمانە لەنێوان هاوکارانم بۆ شانشینی خودا لە جولەکەکانن ، ئەوانەی بوونە هاندەرم.

[12] ئەپەفراسی بەندەی عیسای مەسیح، ئەویش لە خۆتانە و سڵاوتان لێدەکات، هەردەم لە نوێژەکانیدا لە پێناوتاندا تێدەکۆشێت، تاکو لە تەواویدا بچەسپێن و تەواو دڵنیا بن لە هەموو خواستی خودا.

[13] شایەتیی بۆ دەدەم کە زۆر ماندوو دەبێت بۆ ئێوە و ئەوانەی لە شارەکانی لاودیکییان و هیراپۆلیسن.

[14] لۆقای پزیشکی خۆشەویست و دیماس سڵاوتان لێدەکەن.

[15] سڵاو بکەن لە خوشکان و برایانی لاودیکییا و نیمفاس و ئەو کڵێسایەی لە ماڵەکەیەتی.

[16] کاتێک ئەم نامەیەتان بۆ خوێنرایەوە، وابکەن لە کڵێسای لاودیکییەکانیش بخوێنرێتەوە، ئەوەی هی لاودیکییاشە ئێوە بیخوێننەوە.

[17] بە ئەرخیپۆس بڵێن: «سەیری ئەو خزمەتە بکە کە لە مەسیحی باڵادەستەوە وەرتگرتووە، تاکو تەواوی بکەیت.»

[18] من پۆڵسم، سڵاوەکە دەستخەتی خۆمە. یادی کۆتەکانم بکەن. نیعمەت لەگەڵتان بێت.

نامەی پۆڵس بۆ باوەڕدارانی کۆلۆسی — Chapters