Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:35

[1] یەزدان ناتانی نارد بۆ لای داود، ئەویش هاتە لای و پێی گوت: «دوو پیاو لە شارێکدا هەبوون، یەکێکیان دەوڵەمەند و ئەوی دیکەیان هەژار.

[2] پیاوە دەوڵەمەندەکە مەڕ و مانگایەکی زۆری هەبوو.

[3] بەڵام هەژارەکە هیچی نەبوو، جگە لە بەرخێکی مێی بچووک کە کڕیبووی و بەخێوی کردبوو. لەگەڵ خۆی و هەموو منداڵەکانیدا گەورە ببوو. بەرخەکە لە پارووەکەی ئەو دەیخوارد و لە جامەکەی ئەو دەیخواردەوە، لە باوەشیدا دەنوست و وەک کچی ئەوی لێهاتبوو.

[4] «ئەوە بوو ڕێبوارێک بووە میوانی پیاوە دەوڵەمەندەکە، بەڵام دەوڵەمەندەکە ڕازی نەبوو مەڕێک یان مانگایەکی خۆی بکاتە ژەمێک بۆ میوانەکە کە ڕووی تێکردبوو. لە جیاتی ئەوە کاوڕەمێیەکەی هەژارەکەی برد و ئامادەی کرد بۆ ئەو پیاوەی کە ڕووی تێکردبوو.»

[5] داود زۆر لەو پیاوە تووڕە بوو، بە ناتانی گوت: «بە یەزدانی زیندوو، ئەو پیاوەی ئەمەی کردووە شایانی سزای مردنە!

[6] لە جیاتی کاوڕەمێیەکەش چوار قات دەداتەوە، لە دەرئەنجامی ئەوەی ئەم کارەی کردووە، لەبەر ئەوەی بەزەیی نەبووە.»

[7] ناتانیش بە داودی گوت: «ئەو پیاوە تۆیت! یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”من دەستنیشانم کردیت ببیتە پاشای ئیسرائیل، من لە دەستی شاول دەربازم کردیت.

[8] ماڵی گەورەکەتم پێدایت و ژنەکانی ئەوم خستە باوەشتەوە، بنەماڵەی ئیسرائیل و یەهودام پێدایت. ئەگەر ئەوەش کەم بووایە ئەوا زیاتریشم بۆ دەکردیت.

[9] ئیتر بۆچی فەرمایشتی یەزدانت بە سووک زانی، هەتا ئەم خراپەیە لەبەرچاوی یەزدان بکەیت؟ ئوریای حیتیت بە شمشێر کوشت و ژنەکەی ئەوت کردە ژنی خۆت، بە شمشێری عەمۆنییەکان کوشتت.

[10] ئێستاش، بۆ هەتاهەتایە شمشێر لەسەر بنەماڵەکەت نابڕێتەوە، چونکە سووکایەتیت بە من کرد، ژنەکەی ئوریای حیتیت برد و کردتە ژنی خۆت.“

[11] «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من لەناو ماڵەکەی خۆتدا خراپەت بەسەردا دەهێنم، لەبەرچاوت ژنەکانت دەبەم و دەیاندەمە ئەو کەسەی کە لێت نزیکە، لە ڕووناکی ئەم خۆرە لەگەڵ ژنەکانت جووت دەبێت.

[12] تۆ بە نهێنی ئەو کارەت کرد، بەڵام من لەبەردەم هەموو ئیسرائیل و لەژێر ڕووناکی خۆر ئەم کارەت پێدەکەم.“»

[13] داودیش بە ناتانی گوت: «گوناهم دەرهەق بە یەزدان کرد.» ناتان وەڵامی دایەوە: «هەروەها یەزدانیش لە گوناهەکەت خۆشبووە، نامریت.

[14] بەڵام لەبەر ئەوەی بەم کارەت بوویتە هۆی ئەوەی دوژمنانی یەزدان تەواو سووکایەتی بە یەزدان بکەن، ئەوا ئەو منداڵەی بۆت لەدایک دەبێت دەمرێت.»

[15] هەر لەدوای ئەوەی ناتان چووەوە ماڵەکەی خۆی، یەزدان لەو منداڵەی داودی دا کە لە ژنەکەی ئوریاوە لەدایک بوو، ئینجا نەخۆش کەوت.

[16] داود بۆ منداڵەکەی لە خودا پاڕایەوە و ڕۆژووی گرت، چووە ژوورەکەی خۆی، شەوانە بە درێژایی شەو لەسەر زەوی ڕادەکشا و هەر بەو جۆرە دەمایەوە.

[17] پیرانی ماڵەکەی لەتەنیشتی وەستابوون بۆ ئەوەی لەسەر زەوییەکە هەڵیبستێننەوە، بەڵام نەیویست و نانی لەگەڵیان نەخوارد.

[18] ئەوە بوو لە ڕۆژی حەوتەم منداڵەکە مرد. خزمەتکارەکانی داود ترسان پێی ڕابگەیەنن کە منداڵەکە مردووە، چونکە گوتیان: «هێشتا منداڵەکە زیندوو بوو قسەمان لەگەڵی کرد و گوێی لێ نەگرتین، ئیتر چۆن پێی بڵێین منداڵەکە مردووە؟ خراپتر دەکات.»

[19] کاتێک داود بینی خزمەتکارەکانی چرپەچرپ دەکەن، زانی کە منداڵەکە مردووە. ئینجا داود لە خزمەتکارەکانی پرسی: «ئەرێ منداڵەکە مردووە؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ، مردووە.»

[20] ئینجا داود لەسەر زەوییەکە هەستایەوە، خۆی شوشت و بۆنی لە خۆی دا، جلەکانی گۆڕی، چووە ناو ماڵی یەزدان و کڕنۆشی برد. پاشان گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی و داوای کرد نانی بۆ دابنێن و خواردی.

[21] خزمەتکارەکانی پێیان گوت: «ئەم کارە چی بوو کردت؟ لە کاتێکدا منداڵەکە زیندوو بوو، بەڕۆژوو دەبوویت و دەگریایت، بەڵام کاتێک کە مرد هەستایت و نانت خوارد!»

[22] ئەویش گوتی: «کاتێک منداڵەکە زیندوو بوو بەڕۆژوو دەبووم و دەگریام و دەمگوت: ”کێ دەزانێت؟ بەڵکو یەزدان بەزەیی پێمدا بێتەوە و منداڵەکە بژیێت.“

[23] بەڵام ئێستا ئەو مرد، ئیتر بۆچی ڕۆژوو بگرم؟ ئایا دەتوانم بیگەڕێنمەوە؟ من دەچم بۆ لای ئەو، بەڵام ئەو ناگەڕێتەوە بۆ لای من.»

[24] ئینجا داود دڵنەوایی بەتشەبەعی ژنی دایەوە، چووە ژوورەوە بۆ لای و لەگەڵی جووت بوو، منداڵێکی بوو ناوی لێنا سلێمان. یەزدانیش خۆشی ویست،

[25] هەر لەبەر ئەوە لە ڕێگەی ناتانی پێغەمبەرەوە پەیامی نارد و ناوی لێنا یەدیدەیا .

[26] لەو ماوەیە یۆئاب لە دژی شاری ڕەبەی عەمۆنییەکان دەجەنگا و قەڵای شاهانەی گرت.

[27] ئینجا یۆئاب چەند نێردراوێکی بۆ لای داود نارد و گوتی: «لە دژی ڕەبە جەنگام و سەرچاوەی ئاوی شارەکەم گرت.

[28] ئێستا پاشماوەی سوپا کۆبکەرەوە و بەسەر شارەکەدا بدە و دەستی بەسەردا بگرە، نەوەک من دەستی بەسەردا بگرم و بە ناوی منەوە ناوی لێ بنرێت.»

[29] ئیتر داود هەموو سوپای کۆکردەوە و چوو بۆ ڕەبە و لە دژی جەنگا و گرتی.

[30] تاجی سەری پاشاکەی برد، کێشەکەی نزیکەی تالنتێک زێڕ بوو، بەردی گرانبەهاشی تێدابوو، ئینجا لەسەر سەری داود دانرا. دەستکەوتێکی زۆریشی لە شارەکە دەرهێنا،

[31] ئەو گەلەشی کە تێیدا بوو هێنایە دەرەوە و بێگاری پێکردن بە ئیشکردن بە مشار و پاچی ئاسنین و تەوری ئاسنین، فەرمانی پێ کردن لە کوورەی خشتدا کار بکەن، ئەم کارەی بە هەموو شارۆچکەکانی عەمۆنییەکان کرد. پاشان داود و هەموو سوپا گەڕانەوە ئۆرشەلیم.

دووەم ساموئێل — Chapters