Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:40

[1] ئیتر لە دەی مانگی دەی ساڵی نۆیەمی پاشایەتی سدقیا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هەموو سوپاکەی بەرەو ئۆرشەلیم جوڵاند و لەوێ ئۆردوگای دامەزراند، لە چواردەوری قوللەی بنیاد نا.

[2] هەتا ساڵی یازدەیەمی پاشایەتی سدقیا شارەکە لەژێر گەمارۆدا بوو.

[3] لە نۆی چواردا قاتوقڕی لە شارەکە هێندە سەخت بوو کە نان نەبوو گەلی خاکەکە بیخۆن.

[4] ئینجا شوورای شارەکە شکێنرا و هەموو جەنگاوەرەکان بە شەو بە ڕێگای دەروازەکەی نێوان دوو شووراکەی بەرامبەر باخچەی پاشادا هەڵاتن، هەرچەندە بابلییەکان لە چواردەوری شارەکە بوون. پاشا و ئەوانەی لەگەڵی بوون بە ڕێگای عەراڤادا هەڵاتن،

[5] بەڵام سوپای بابلییەکان بەدوای پاشا کەوتن، لە دەشتی ئەریحا پێی گەیشتن. هەموو سوپاکەی پەرتەوازە بوو،

[6] جا پاشایان بە دیل گرت. بردییانە لای پاشای بابل لە ڕیڤلە، لەوێ دادگاییان کرد.

[7] کوڕەکانی سدقیایان لەبەرچاوی خۆی کوشت، پاشان هەردوو چاویشیان دەرهێنا و بە زنجیری بڕۆنز کۆتیان کرد و بردیانە بابل.

[8] لە حەوتی پێنجی ساڵی نۆزدەیەمی نەبوخودنەسری پاشای بابل، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی ئیمپڕاتۆر کە کاربەدەستی پاشای بابل بوو، هاتە ئۆرشەلیم.

[9] پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و هەموو ماڵەکانی ئۆرشەلیم و هەموو تەلارە گرنگەکانی سووتاند.

[10] شووراکانی چواردەوری ئۆرشەلیمیش لەلایەن سوپای بابلییەکانەوە ڕووخێنران، ئەوانەی لەگەڵ فەرماندەی پاسەوانانی پاشا بوون.

[11] پاشماوەی گەلیش ئەوانەی لە شارەکە مابوونەوە و ئەوانەی چووبوونە پاڵ پاشای بابل لەگەڵ پاشماوەی خەڵکەکە، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ڕاپێچی کردن.

[12] بەڵام فەرماندەی پاسەوانانی پاشا هەندێک لە خەڵکی ڕەشوڕووتی لە خاکەکە هێشتەوە بۆ کارکردن لە ڕەزەمێو و کێڵگەکان.

[13] کۆڵەکە بڕۆنزییەکان و عەرەبانەکانی ئاوگواستنەوە و حەوزە بڕۆنزییەکە کە لە پەرستگای یەزدان بوون، بابلییەکان پارچەپارچەیان کردن، بڕۆنزەکەشیان بۆ بابل بارکرد.

[14] هەروەها مەنجەڵ و خاکەناز، مەقەست، قاپەکان و هەموو ئەو قاپوقاچاغە بڕۆنزانەی لە خزمەتی پەرستگا بەکاردەهات.

[15] فەرماندەی پاسەوانانی پاشا هەموو ئەو شتانەی برد کە لە زێڕ و زیو دروستکرابوون، بخووردان و تاسیشی برد.

[16] دوو کۆڵەکە و حەوزە بڕۆنزییەکە و عەرەبانەکانی ئاوگواستنەوە کە سلێمان بۆ پەرستگای یەزدان دروستی کردبوون، ئەو هەموو بڕۆنزە لە کێش نەدەهات.

[17] هەر کۆڵەکەیەک هەژدە باڵ درێژییەکەی بوو. تاجێکی بڕۆنز لەسەر کۆڵەکەکە بوو، بەرزی تاجەکە سێ باڵ بوو، کەتیبە و هەنارەکانیش لەسەر تاجەکە و لە چواردەوری هەمووی لە بڕۆنز بوون. بۆ هەر یەکێک لە کۆڵەکەکان هەمان شت هەبوو لەگەڵ کەتیبەکەی.

[18] فەرماندەکەی پاسەوانانی پاشا سەرایای سەرۆک کاهین و سەفەنیای کاهینی دووەم و سێ دەرگاوانەکەی گرت.

[19] لە شارەکەش ئەو ئەفسەرەی گرت کە لێپرسراوی جەنگاوەرەکان بوو، پێنج ڕاوێژکاری پاشاشی گرت. هەروەها خامەی نهێنی سوپاسالاری گرت، ئەوەی بەرپرسی بە سەربازکردن بوو، لەگەڵ شەست پیاو کە لە شارەکە بەرچاو کەوتن.

[20] نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ئەوانەی بردە ڕیڤلە، بۆ لای پاشای بابل.

[21] پاشای بابلیش لە ڕیڤلە لە خاکی حەمات کوشتنی. ئینجا یەهودا لە خاکەکەی خۆی ڕاپێچ کرا.

[22] بەڵام ئەو خەڵکەی لە خاکی یەهودا مانەوە، ئەوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل هێشتنییەوە، گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافانی کرد بە لێپرسراویان.

[23] کاتێک هەموو سەرلەشکرەکان خۆیان و پیاوەکانیان بیستیان کە پاشای بابل گەدەلیاهوی کردووە بە فەرمانڕەوا، هاتنە میچپا بۆ لای گەدەلیاهو، ئەوانیش ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ و یۆحانانی کوڕی قارێیەح و سەرایای کوڕی تەنحومەتی نەتۆفاتی و یازەنیاهوی کوڕی مەعکاتی، خۆیان و پیاوەکانیان.

[24] گەدەلیاهوش سوێندی بۆ ئەوان و پیاوەکانیان خوارد، پێی گوتن: «لە کاربەدەستانی بابلییەکان مەترسن، لە خاکەکە نیشتەجێ بن و خزمەتی پاشای بابل بکەن، ئەوەی باشە بۆتان دەبێت.»

[25] بەڵام لە مانگی حەوت ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆی کوڕی ئەلیشاماع کە لە ڕەچەڵەکی شاهانە بوو، لەگەڵ دە پیاو هات و گەدەلیاهویان کوشت، هەروەها ئەو پیاوانەی یەهودا و ئەو بابلییانەشیان کوشت کە لە میچپا لەگەڵی بوون.

[26] ئینجا هەموو گەل لە بچووکەوە هەتا گەورە و سەرکردەکانی سوپا هەستان و چوونە میسر، چونکە لە بابلییەکان ترسان.

[27] لە ساڵی سی و حەوتەمینی ڕاپێچکردنی یەهۆیاکین، ئەڤیل مەرۆدەخ بوو بە پاشای بابل. هەر لەو ساڵە لە بیست و حەوتی دوازدە یەهۆیاکینی پاشای یەهودای لە زیندان ئازاد کرد.

[28] بە باشی قسەی لەگەڵ کرد و کورسییەکەی لە سەرووی کورسی ئەو پاشایانەوە دانا کە لە بابل لەگەڵی بوون.

[29] ئیتر یەهۆیاکین بەرگی زیندانییەکەی گۆڕی و بە درێژایی ماوەی ژیانی بەردەوام لەسەر خوانی پاشا نانی دەخوارد.

[30] بە درێژایی ئەو ماوەیەی ژیانی ڕۆژ بە ڕۆژ بژێوی ڕۆژانەی لەلایەن پاشاوە پێدەدرا.

دووەم پاشایان — Chapters