Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:38

[1] هەموو ئەوانەی لەژێر نیری کۆیلایەتیدان، با وا دابنێن گەورەکانیان شایانی ئەوپەڕی ڕێزن، تاکو کفر بە ناوی خودا و فێرکردنەکەی نەکرێت.

[2] ئەوانەی گەورەکانیان باوەڕدارن با سووکایەتییان پێ نەکەن، چونکە بران، بەڵکو زیاتر خزمەتیان بکەن، چونکە ئەوانەی سوود لە خزمەتیان وەردەگرن باوەڕدار و خۆشەویستن. جا ئەمانەیان فێربکە و هانیان بدە.

[3] ئەگەر یەکێک بە فێرکردنێکی دیکە خەڵک فێردەکات کە ناگونجێت لەگەڵ پەیامی دروستی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان و لەگەڵ ئەو فێرکردنەی لەسەر لەخواترسی ڕاوەستاوە،

[4] ئەوا لووتبەرزە و هیچ تێناگات، حەز لە شەڕەقسە و دەمەقاڵێ دەکات کە دەبێتە هۆی چاوپیسی، ناکۆکی، بوختان، گومانی خراپ و

[5] ململانێ. ئەمانەش ئەو کەسانە دەیکەن کە بیریان خراپ بووە و ڕاستییان لێ ون بووە، لەخواترسی بە بازرگانی دادەنێن.

[6] ڕاستە لەخواترسی ئەگەر بە قایلبوون بێت قازانجێکی گەورەیە.

[7] لەبەر ئەوەی هیچمان نەهێناوە بۆ جیهان، ئاشکرایە ناتوانین هیچیشی لێ ببەینە دەرەوە.

[8] جا ئەگەر خواردن و پۆشاکمان هەیە با پێی ڕازیبین.

[9] بەڵام ئەوانەی حەز دەکەن دەوڵەمەند بن، دەکەونە تاقیکردنەوە و داوەوە، هەروەها دەکەونە زۆر ئارەزووی گەوج و زیانبەخش کە وا دەکات مرۆڤ تێبکەوێت و لەناوبچێت.

[10] لەبەر ئەوەی خۆشەویستی پارە یەکێکە لە سەرچاوەکانی هەموو جۆرە خراپەکارییەک. هەندێک کەس بەدوایدا گەڕان ون بوون لە باوەڕیان و خۆیان تووشی ئازارێکی زۆر کرد.

[11] بەڵام تۆ، ئەی پیاوی خودا لەم شتانە ڕابکە. بەدوای ڕاستودروستی و لەخواترسی و باوەڕ و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن و دڵنەرمیدا بگەڕێ.

[12] لە تێکۆشانی باوەڕدا باش تێبکۆشە، دەست بە ژیانی هەتاهەتاییەوە بگرە، ئەوەی خودا بانگی کردووی بۆی، کاتێک باش دانت پێدا ناوە لەبەردەم شایەتی زۆردا.

[13] ڕاتدەسپێرم لەبەردەم خودا، ئەوەی ژیان بە هەمووان دەدات و لەبەردەم عیسای مەسیح، ئەوەی شایەتی باشی دا لەلای پیلاتۆسی پۆنتی،

[14] کە بە پاکی و بێ گلەیی ئەو ڕاسپاردانە بپارێزیت، هەتا ڕۆژی دەرکەوتنی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان،

[15] ئەوەی خودا لە کاتی دیاریکراو دەریدەخات. خودا، بەرەکەتدار و تاقە سەرۆک، پاشای پاشایان، گەورەی گەورەکان،

[16] تەنها ئەو نەمرە، لە ڕووناکی نیشتەجێیە و کەس لێی نزیک نابێتەوە، ئەوەی کەس نەیبینیوە و ناتوانێ بیبینێت، بۆ ئەوە ڕێز و توانای هەتاهەتایی! ئامین.

[17] دەوڵەمەندەکانی ئەم ڕۆژگارە ڕاسپێرە لووتبەرز نەبن و هیوایان بە سامانی لەناوچوو نەبێت، بەڵکو بە خودا، کە هەموو شتێکمان بە تێروپڕی دەداتێ تاکو خۆشیی لێ ببینین.

[18] ڕایانبسپێرە چاکە بکەن و لە کاری چاکەدا دەوڵەمەند بن، دڵفراوان بن، ئامادەبن بەشی خەڵکی دیکە بدەن،

[19] بەم شێوەیە گەنجینە و بناغەیەکی چاک بۆ دواڕۆژ دادەنێن و ژیانێک بەدەستدەهێنن کە ڕاستەقینەیە.

[20] تیمۆساوس، سپاردەکە بپارێزە. خۆت دووربخەرەوە لە هەموو کفرێکی هیچوپووچ و لەو وتە بێ کەڵکانەی بە درۆ ناونراون زانست،

[21] کە هەندێک کردیانە پیشە و سەبارەت بە باوەڕ گومڕا بوون. با نیعمەتتان لەگەڵ بێت.

یەکەم نامەی پۆڵس بۆ تیمۆساوس — Chapters